لە ڕەوشێکی توندی ئاسایشیدا دانیشتنی دادگایی کردنی زوما بەڕێوەدەچێت

سەرۆکی پێشووی ئافریکای باشور جارێکی تریش لەبەردەم دادگادا ئامادەبوو بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دادگاییکردنەوەی لەسەر گەندەڵی.

دادگاییکردنەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی جەیکۆب زوما لەڕێی ڤیدیۆوە بووە وەک هەوڵێک بۆ ڕێگەگرتن لە شەپۆلێکی تری پشێوی و ئاڵۆزییە خوێناوییەکانی ئافریکای باشوری گرتەوە پاش بڕیاری زیندانیکردنی زوما لە دۆسێیەکی تردا.

هێزە ئاسایشییەکان، چواردەوری دادگای باڵایان گرتبوو لە شاری پیتەرماریتزبۆرگ، پایتەختی هەرێمی کوازولو ناتال، شوێنی لەدایکبوونی زوما.

پێشتر لەو هەرێمە لایەنگرانی زوما گردبووبوونەوە بۆ پشتیوانی لە سەرۆکی پێشووی ئافریکای باشور.

دواتر ڕێوشوێنە ئاسایشییەکان هێور کرانەوە تا ڕێگەبدرێت بە هاتوچۆ پاش ئەوەی ئەو شوێنە لە چۆڵەوانی دەچوو.

جەیکۆب زوما، تەمەن 79 ساڵ ڕووبەڕووی 16 گوناهبارکردن کراوەتەوە، لەوانە بەدەستهێنانی پارە لە ڕێی نایاساییەوە، فێڵ و تەڵەکە کردن و بەرتیل وەرگرتن لە سەودایەکی ساڵی 1999دا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی و کەشتی چاودێری لە 5 کۆمپانیای ئەوروپایی. لەوکاتەدا زوما پۆستی جێگری سەرۆکی ئافریکای باشوری هەبووە.

زوما، گوناهبارکراوە بەوەی بەرتیلی لە یەکێک لە کۆمپانیاکان وەرگرتووە. "کۆمپانیای سالیس" یش گوناهبارکراوە بە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە.

دادگاییکردنی زوما لە مانگی 5ەوە دەستیپێکردووە پاش ئەوەی چەند جارێک دوادەخرا هاوکاتی هەوڵەکانی تیمی یاسایی جێگری سەرۆکی پێشووی ئافریکای باشور تا تەواوی گوناهبارکردنەکانی لەسەر لابدرێت.

زوما، بەبێ هیچ نیشانەیەکی سۆز بە ڕوخساریەوە لە زیندانی شارۆچکەی ئێستکۆرتەوە لەسەر کورسییەکی ئۆفیسێکی ڕەشدا دانیشتبوو، قاتێکی ڕەش و کراسێکی سپی لەبەردابووە و بۆینباخێکی سوریشی بەستبوو.

لە دەستپێکی دادگاییکردنەکەی مانگی پێنجیدا کە خۆی ئامادەی دادگابوو، زوما نکوڵی لە هەموو گوناهبارکردنەکان کرد و خۆی بە بێتاوان ناساند.