سۆماڵیا جارێکی تریش هەڵبژاردن دوادەخاتەوە

لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵبژاردنی سۆماڵیا بکرێت بەڵام دەسەڵاتداران جارێکی تریش بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکانیان داوە، پاش ئەوەی چەند مانگێکە ئەم هەڵبژاردنە لە وادەی یەکەمی خۆی دواکەوتووە.

بڕیاربوو هەڵبژاردنەکان 4 ڕۆژ بخایەنێت و لەمڕۆ یەکشەممەوە دەستپێبکات و ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنانەش ڕۆژی 10ی مانگی 10 کۆتایی پێبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا.

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە سۆماڵیا، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵبژاردنەکان لە چەند هەرێمێکی وڵاتەکەدا دەستپێبکات، بەڵام دواکەوتنێک هەبووە و پێناچێت هەڵبژاردن بکرێت بەو شێوەیەی بەرنامەی بۆ دانرابوو."

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت هەرێمەکانی وڵاتەکە؛ نە توانیویانە کاندیدەکانی خۆیان لە وادەی دیاریکراودا دەستنیشان بکەن، نە توانیویشیانە لیژنەی خۆجێیی خۆیان پێکبهێنن بۆ ئەژمارکردنی دەنگەکان.

موحەمەد ئیبراهیم، وتەبێژی حکومەتی فێدراڵی سۆماڵیا، هەر تەنها ئەوەندە دەڵێت کە هەڵبژاردن دواخراوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دواخستنەکە بدات.

جیهادییەکانی ئەلشەباب، لە هەفتەی ڕابردوودا ئاگاهییان دابوو بە سیاسەتمەدارانی وڵاتەکە لەوەی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.

ئەم هەڕەشە و ئاگاهیدانەی ئەحمەد عومەر ئەبوعوبەیدە، ڕێبەری ئەلشەباب، نیشانەیەکە بۆ ئەو سەختی و ئاڵۆزیە ئاسایشیانەی ڕووبەڕووی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبنەوە لە سۆماڵیا.

ڕێکخراوی ئەلشەباب کە پەیوەستە بە تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدەوە، لە ساڵی 2007ەوە لە شەڕدایە لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەدا و هەوڵی ڕوخاندنی حکومەتی سۆماڵیا دەدات و بەردەوامیش هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە حکومییەکان و دامەزاروە ئاسایشی و سیڤیلییەکانیش.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سۆماڵیا کەوتۆتە قەیرانێکی قوڵی دەستورییەوە، لەو کاتەوەی موحەمەد عەبدوڵاهی موحەمەد، سەرۆکی وڵاتەکە و ڕێبەرانی 5 هەرێمی سۆماڵیا نەیانتوانی ڕێکبکەون لەسەر شێوازی دەنگدان، بەر لەوەی گەڕی سەرۆکایەتی عەبدوڵاهی کۆتاییپێبێت لە مانگی 2ی ڕابردوودا.