پوتن بە شانازییەوە باس لە هێزی دەریایی ڕوسیا دەکات و ئاگاهیش دەدات

سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت هێزی دەریایی وڵاتەکەی دەتوانێت هێرشی کوشندە بکاتە سەر ئامانجەکانی ژێر دەریا و ئاسمانی دوژمنان.

ئەم لێدوانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ڤلادمیر پوتن، هاوکاتی نیشاندانی ژمارەیەک کەشتی جەنگیی بوو لە شاری سانت پیتەرسبۆرگ.

شانازیکردنی سەرۆکی ڕوسیا بە هێزی دەریایی وڵاتەکەیەوە، چەند ڕۆژێک پاش ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی لەشکری ڕوسیا بوو بۆ تاقیکردنەوەی چەکی پێشکەوتووی نوێ. پوتن ئەو چەکانەی وەها ناودێر کردووە کە "تێکناشکێندرێن"
پوتن لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا دەڵێت "هێزی دەریایی ئەمڕۆی ڕوسیا هەموو شتێکی هەیە کە دڵنیایی بدات بۆ پارێزراوی وڵاتەکەمان و پارێزراوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیشمان."

لە وتارکەیدا کە لە ڕێی تەلەفزیۆنەوە بۆ سەرانسەری ڕوسیا پەخش دەکرا، پوتن دەڵێت "دەتوانین دوژمنانی ژێر دەریا و سەر زەوی و هەروەها ئاسمانیش ئاشکرا بکەین و بیانکەینە ئامانج و نیشانە ئەگەر پێویست بە هێرشی کوشندە بکات."

سەرۆکی کرملن دەڵێت ڕوسیا شوێنی خۆی گرتووە لە نێو وڵاتانی هێزی گەورەی دەریاییان هەیە بەهۆی پەرەپێدانی وەک دەڵێت " نوێترینی ئەو چەکە پێشکەوتوانەی دەتوانن بە وردی ئامانجی خۆیان بپێکن و خێراییەکانیشیان لە خێرایی دەنگ زیاترن و لە جیهانیشدا بێ وێنەن."

ئەمەریکا و چین و فەڕەنسا و وڵاتانی تری زلهێزیش بەرنامەڕیژییەکانی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ پەرەپێدانی ئەو جۆرە چەکانەی خێراییەکانیان لە خێرایی دەنگ زیاترن و پێشدەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بخرێنە ڕوو.