سامان سەلمان: لە هەفتەی داهاتووەوە دە بنکە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین لە هەولێر دادەمەزرێت

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و کاربەدەستانی تەندروستی دەڵێن جۆری دێڵتای ڤایرۆسەکە لە ئێستادا تەشەنەی سەندووە. لە کاتێکدا شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە باشترین ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایە، بەڵام هێشتا ئاستی کوتانی خەڵکی لە هەرێمی کوردستان دژ بە ڤایرۆسەکە زۆر کەمە بەهۆی دەستڕانەگەیشتنیان بە ڤاکسینەکان.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر دەڵێت چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە دە بنکە تەرخان بکرێت بۆ پێشوازی لە هاووڵاتیان تا ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا وەربگرن.

لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا سامان سەلمان بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند" خزمەتگوزاریەكانی نێو نەخۆشخانەكان لە ئاستێكی زۆر باشدان بەڵام ئەم شەپولە ڤایرۆسەی كە ئێستا هاتووە شەپولێكی زۆر زۆر توندە و ناو زۆربەی نەخۆشخانەكانمان پڕبوونە هەمووی لە ژێر چاودێری چڕدان بۆیە داوای خۆپارێزی لە هاوڵاتیان دەكەین و پابەندی رێنماییەكان بن، تەنها خۆپارێزی وا دەكات ئاماری تووشبووان ڕابگیرێت چونكە ڕۆژانە ئامارەكانی ڕێژەی تووشبوون و مردن بەرز دەبنەوە".

ناوبراو گووتیشی" ئەم ڤاكسینەی ئێستا لە هەفتەی داهاتوو بەردەست دەبێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی كە لە ڕێگەی ئەپلیكەیشنەوە ناوی خۆیان تۆماركردووە ڤاكسینەكە وەردەگرن".

ئەو بەرپرسەی تەندروستی هەولێر دەشڵێت بە پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستان بە "هەڵمەتێكی چڕ بۆ ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتیان لە وەرگرتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا و گرنگی ئەو ڤاكسینە و چۆنیەتی لێدانی ڤاكسینەكە و وەزارەتی تەندروستیش ئەپلیكەیشنێكی دانابوو بۆ ئەوەی بە ستاندار و پرۆتۆكۆڵی و ڕێگەیەكی زانستی هاوڵاتیان لە ڤاكسینەكە سودمەند بن و هاوڵاتیەكی زۆر لە ڕێگەی مۆبایلەوە ناوی گەڕایەوە و پەیتا پەیتا سەردانی بنكە تەندروستیەكانی كرد و لە ڕێگەی تیمەكانی ڕاهێنراوی ڤاكسینی كۆرۆنا ڤاكسینیان وەرگرت."

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا کۆی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٢١٧٥٦٥ کەس لەوانەش ٤٧٠٢ کەس گیانی لەدەستداوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری