ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر گروپی توندڕەوی ئەحرار ئەلشەرقییە

وەزارەتی دارایی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە سزای دارایی خستە سەر ڕێکخراوی چەکداری ئەحرار ئەلشەرقیە لە سوریا بەهۆی تاوانی دژ بەخەڵکی سڤیل لەناویاندا کوردەکانی سوریاش.

وەزارەتەکە دوو لە ڕێبەرانی ئەو گروپە چەکدارەی لە ناو سزاکاندا دەستنیشان کردووە. لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە " ئەو گروپە زۆر تاوانی دژ بە خەڵکی سڤیل، لە ناویاندا کوردەکانی سوریا، ئەنجامداوە و گەلێک کوشتنی ناڕەوایانە، ڕففاندن، ئەشکەنجەو دزینی ماڵو موڵکی خەڵکی ئەنجام داوە."

وەزارەتی دارایی ئەمەریکا ڕایشیگەیاند یەكێک لە تاوانەکانی ئەحرار ئەلشەرقییە کوشتنی سیاسەتمەداری کورد هەڤرین خەلەف بوو. خەلەف سەرۆکی پارتی سوریای پاشەڕۆژە، و پاسەوانەکەی لە مانگی دەی ساڵی 2019 لەلایەن ئەو گروپەوە کوژران.

هەروەها دەشڵێت ئەحرار ئەلشەرقییە هەندێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشیشیان خستۆتە نێو ڕێکخراوەکەیان.

ئەحمەد ئەلهایس، کە بە ناوی ئەبو حاتم سەقەر ناسراوە، یەكێکە لە دوو ڕێبەرەکەی ئەحرار ئەلشەرقییە کە ئەمەریکا سزای خستووەتە سەر . ئەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستیهەبووە لە پێشێلکارییەکانی ئەو گروپە ملیشیایە دژ بە مافەکانی مرۆڤ. ئەلهایس هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە ڕفاندنی ژن و منداڵی ئێزیدییەکان.

جگە لەو گروپە چەکدارییە ، وەزارەتی دارایی سزای خستە سەر هەشت زیندانی ڕژێمی سوریا و پێنج کاربەدەستی ئەو گرتوخانانەی سوریا. حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت ئەو کەسانە بەشداربوون لە پێشێلکردنی مافەکانی زیندان.

ئاندریا گاکی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆنترۆڵکردنەوەی سەرمایە بیانییەکان ئاشکرای کرد "ئەم سزایانەی ئەمڕۆ لێپرسینەوە بۆ پێشێلکاری بەرامبەر بە گەلی سوریا پێشدەخەن و ڕێگە لە لایەنە خراپەکان دەگرێت تا سیستمی دارایی نێونەتەوەیی بەکارنەهێنن."

ئەو گوتیشی " ئەم هەنگاوە پێداگری ڕژدی ئەمەریکا لە دژی پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە سوریا نیشان دەدات، دژ بە هەرکەسێک کە تاوانباربێت."

شارەزایانی یاسایی دەڵێن ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆ هنگاوێکی باشەو لەسەر ڕێگایەکی ڕاست.

بەسام عیماد سەرۆکی ڕێکخراوی سوریاییەکان بۆ ڕاستی و دادمەندی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە ڕاستیدا ئەم سزایانە دەریخست کە ئەمەریکا بە شێوەیەکی هاوسەنگانە نزیک دەبێتەوە لە دۆسیەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سوریادا." گوتیشی " ژمارەیەکی زۆری گروپی تری چەکدار لە باکووری سوریا هەن کە تاوانی گەورەی دژی خەڵکی سیڤیلیان ئەنجام داوە، پێویستە ئەمەریکا ئەوانیش بەرپرسیار بکات."