هەواڵی سەرەکی ئەم ڕۆژانەی ناوخۆی ئێران جگە لە خۆپیشاندانەکان، یەکەم پەرەسەندنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی ئەم ڤایرۆسەیە لە شارەکانی ئێراندا و دووهەمیش هەوڵەکانە بۆ سنووردارکردنی ئەنتەرنێت.
بە پێی هەواڵەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا و ئەوانەی بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە، دوبارە بەرز بووەتەوە و ئەو وەزارەتە دەشڵێت تەنیا لە ڕۆژێکدا 270 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 24 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەش تۆمار کراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕاستی و دروستی ئەم ژمارە و ئامارانە وەک دامەزراوە سەربەخۆکان دەڵێن جێگای گۆمانە و ژمارە ڕاستەکان دوو بۆ سێ هێندە لە ژمارەکانی حکومەت زیاترن.
دووهەم هەواڵیش ئەوەیە کە هاوکاتی پەرەسەندنی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لە شارەکانی ئێراندا، نوێنەرانی پەرلمان ڕۆژی چوارشەممە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن لە کۆمسیۆنی کولتوری پەرلەماندا کار لەسەر پلانێک بکەن بۆ سنووردارکردنی ئەنتەرنێت لە ژێرناوی پاراستنی مافی بەکارهێنەران و خزمەتگوزارییە سایبرییە کارپێکراوەکان.
هۆکارەکانی دووبارە پەرەسەندن و بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ئێران بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
ئایا شارە کوردنشینەکانیش ئەم بەرزبوونەوەیەی بە خۆیەوە بینیوە؟
پڕۆسەی ڤاکسینەکردنی خەڵک لە ئێران لە چی دۆخێکدایە و چۆن دەچێتە پێشەوە؟
وردەکارییەکان چین لەبارەی پلانەکەی پارلمان بۆ سنووردارکردنی ئەنتەرنێت لە ئێران؟
مەبەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەڕیوەبردنی پلانێکی لەم شێوەیە بۆ سنوورداکردنی ئەنتەرنێت بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
محەمەد قاڵیباف، سەرۆکی پارلمانی ئێران ڕاگەیاندوە کە ئەم پلانەی پارلمانە بۆ داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت مەبەست لە بەرنامە و پلانەکە داخستنی تۆڕەکانە و داوای لە پارلمانیش کردوە بە زووترین کات کار لەسەر بەرەوە پێشبردنی پلانەکە بکەن، ئەم لێدوانە ناکۆکانە مانای چی دەگەیەنێت؟
مەسعود کوردپور، ڕۆژنامەوان لە ئێرانەوە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەفراو نوری لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاوە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5