زیاتر لە 400 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا ڕزگار دەکرێن

وێنەیەکی ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا - ئەرشیف

3 ڕێکخراوی ناحکومی دەڵێن توانیویانە زیاتر لە 400 کەس ڕزگار بکەن هاوکاتی هەوڵەکانیان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست.
ئێس ئۆ ئێس دەریای ناوەڕاست و چاودێری دەریا و کەشتی ڕزگارکەر، دەڵێن توانیویانە فریای ئەو زیاتر لە 400 کەسە بکەون لە شەودا کاتێک کەشتییەکە کێسەی تیادا دروست بووە و دەشڵێن "کەشتییەکانی فریاگوزارییان توانیویانە ئەو کۆچبەرانە لەو کەشتییە تەختەیەی تیایدا بوون دەرباز بکەن."

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ڕێکخراوی ئێس ئۆ ئێس دەریای ناوەڕاست دەنوسێت "سێ کەشتی لەم سێ ڕێکخراوە لە شەوی ڕابردووەوە تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە توانیویانە زیاتر لە 400 کەس ڕزگار بکەن و ئەوانەی ڕزگاریش کراون لە نێوەندەکانی خۆیاندا دانراون و خزمەت دەکرێن."

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای کۆچبەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "تەنها لە یەکەم 6 مانگی ئەمساڵدا، بەلانیکەم 1146 کەس گیانیان لە دەستداوە هاوکاتی هەوڵەکانیان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا."

ڕێکخراوی ئێس ئۆ ئێس دەریای ناوەڕاست دەڵێت "لەوەتای مانگی 2ی ساڵی 2016ەوە زیاتر لە 30 هەزار کەسی ڕزگار کردووە."
زۆربەی کۆچبەران لە وڵاتانی ئافریکاوە بوون و لە لیبیاوە ویستویانە بە دەریادا خۆیان بگەیەننە ئەوروپا.