دەسەڵاتدارانی تورکیا لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەوروپاش هاوکاری دەنێرێت

ئاگرکوژێنەوەکان بۆ شەشەم ڕۆژی لەسەر یەک لە ململانێدان بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاو ئاگرەی بەربۆتە دارستانەکانی نزیک لە کەنارەکانی تورکیا.
هەوڵەکانی ئەمڕۆش دووشەممە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی یەکێتی ئەوروپادا بۆ ناردنی فڕۆکە تایبەتەکانی ئاو هەڵگر تا بەشداری بکەن لەو هەوڵانەی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدرێن.

ئەم ئاگر کەوتنەوەیە لەم ڕەوشی وشکە ساڵی و ڕەشەبای بەهێزدا، بۆتە مایەی گیان لە دەستدانی 8 کەس و هەروەهاش ناچارکردنی دانیشتوان و گەشتیارانیش تا بە بەلەم هاوینەهەوارەکان جێبهێڵن.

زۆرێک لە گوندنشینەکان، ماڵەکانیان و ئاژەڵ و پەلەوەڕە ماڵییەکانیان لەدەستداوە و ئەو شوێنانەش کە ئاگرەکەیان تیادا کەوتۆتەوە، تەمێکی چڕی زەردباو دایپۆشیون.

بەکر پاکدەمیرلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکان لە تورکیا دەڵێت لەوەتای ڕۆژی چوارشەممەوە 119 ئاگر کوژێندراونەتەوە لە 32 هەرێمی وڵاتەکەیدا.

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هێشتاش لە هەوڵی کوژاندنەوەی 7 ئاوردان لە ناوچەکانی ئەنتالیا و موغلا کە ناوچەی بەناوبانگی گەشتیارین لە هەرێمی تونجەلی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا.

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند یارمەتیداوە بۆ ڕێکخستنی ناردنی فڕۆکەیەکی ئاگرکوژێنەوە کە تایبەتە بە هێڵی ئاسمانی کەنەدائێر لە کرواتیاوە و هەروەهاش دوو فڕۆکەی ئسپانیایی بۆ یارمەتیدانی تورکیا.

ئۆکرانیا، ڕوسیا، ئازەربایجان و هەروەها ئێرانیش فڕۆکەیان ناردووە، وەک یارمەتیدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان.

کاربەدەستێکی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت فڕۆکەکانی ئیسپانیا ڕۆژی سێشەممە دەگەنە تورکیا و فڕۆکەکەی کرواتیاش بڕیارە درەنگانێکی ئەمڕۆ دووشەممە بگاتە جێ.

بەرزی پلەکانی گەرما و باڕەشی بەهێز بوونەتە تەگەرە لەبەردەم هەوڵەکانی بۆ کوژاندنەوەی ئاورەکە دەدرێن.
پلەی گەرما لە ئەنتاڵیا گەیشتۆتە 42ی سەدی، کە 5 بۆ 6 پلە بەرزترە لە پلەی گەرمای ئەم وەرزە لەو ناوچەیەدا.

فەخرەدین کوجە، وەزیری تەندروستی تورکیا دەڵێت، بەلانیکەم 27 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە باری تەندروستییان تێکچووە و هێشتاش لە نەخۆشخانەکانن بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی و سەدان کەسی تر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

هاوکاتی ئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا لێکۆڵینەوە دەکەن سەبارەت بە ئەگەر و نەگەری ئەوەی ئایا ئەم ئاگر کەوتنەوەیە لە ئاکامی ئاگرکردنەوەیەکی بە پلانی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە یان نا، بەڵام پسپۆڕان بە گشتی ئاماژە بەوە دەکەن گۆڕانی کەش و هەوا و ئەو ڕووداوانەی بەهۆی خەڵکەوە ڕوودەدەن، هۆکاری ئاورکەوتنەوەکە بێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دەڵێت یەکێک لە ئاگرەکان بەهۆی منداڵانەوە بووە.