وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پەیمانی بەرسڤ دانەوەی هەر "سەرکێشییەک" دەدات پاش ئەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا چوونە پاڵ ئیسرائیل بۆ لۆمەکردنی تاران لەسەر ئەو هێرشە خوێناویەی کرایە سەر کەشتییەک لە نزیک کەنارەکانی عومانەوە.
ئێران نکوڵی لەو ڕووداوە دەکات.
کەشتی ئێم تی مێرسەر ستریت، کە ئیاڵ ئۆفەر،ملیاردێری ناوداری ئیسرائیل خاوەنیەتی، رۆژی 5 شەممە ئەو هێرشەی کرایە سەر و هاوڵاتییەکی بەریتانیایی کە کارمەندی ئاسایش بووە لە کەشتییەکەدا و هاوڵاتییەکی ڕۆمانیاییش لە تاقمی کەشتیەوانەکە کوژران.
ئەمەریکا و بەریتانیا و زۆدایک ماریتایم، ڕێکخەری هاتوچۆی کەشتییەکان دەڵێن پێدەچێت ئەو هێرشە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرابێت.
ئیسرائیل لۆمەی ئەو هێرشە لە ئەستۆی ئێران دەنێت و تارانیش ئەو گوناهبارکردنە ڕەت دەکاتەوە.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانەکەی ڕۆژی یەکشەمەشیدا وتبووی "دەبێت ئیسرائیل ئەو گوناهبارکردنە بێ بنەمایانە ڕابگرێت."
ئەمەریکا و بەریتانیاش هەر ڕۆژی یەکشەممە لۆمەی ئەو هێرشەیان خستە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و واشنتۆن پەیمانی "وەڵامدانەوەیەکی گونجاو"ی داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "ئێران هەرگیز دوو دڵ نابێت لە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی و هەروەهاش دەستبەجێ و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوەش وەڵامی هەرچ سەرکێشییەکیش بێت دەداتەوە."
خەتیبزادە، لێدوانەکانی ئەمەریکا و بەریتانیای ڕەتکردنەوە و بە "نەگونجاو" ناودێریکردن و دەڵێت "ئەگەر هەر بەڵگەیەکیان هەیە بۆ پاڵپشتیکردن لە قسە و باسەکانیان کە هیچ بنەمایەکیان نییە، با بیخەنە ڕوو."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمەریکا و بەریتانیاش گوناهبار دەکات بەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانی لە "هێرشە تێرۆرکارییەکان و تێکدانی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران دەکەن لەڕێی بێدەنگییانەوە."
لەم ماوەیەی ڕابردوودا ژمارەیەک ڕاپۆرت هەبوون سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئێران. تاران ئەو هێرشانە دەبەستێتەوە بە ئیسرائیلەوە.