ئەڵمانیا کار بۆ لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر هۆکاری مردنەکان لە کاتی لافاوەکاندا

دادپارێزانی ئەڵمانیا دەڵێن لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر دۆسێی "کوشتنی بێ مەبەست" لە ئاکامی کەموکوڕی ئاگاهیدانەکان و یانیش دواکەوتنی ئاگاهیدانەکان هاوکاتی لافاوە گەورەکانی مانگی حەوتی وڵاتەکە کە قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.

نزیکەی 186 کەس گیانیان لە دەستدا بەهۆی ئەو لافاوە قورسانەی ڕۆژئاوای ئەڵمانیایان گرتبووەوە، ئەمەش بووە مایەی پرسیار و گومان سەبارەت بەوەی پێشتر کاری پێویست نەکرابێت بۆ ئاگادارکردنەوەی دانیشتوان.

دادپارێزان دەڵێن لە هەڵسەنگاندنی ئەوەدان تا بزانن زەمینەیەک هەیە بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنچینەی "مردن بە هۆی کەمتەرخەمییەوە و ئازاری جەستەیی وەک بەرەنجامی شکست یان دواکەوتنی ئاگاهیدانەکان تا دانیشتوان ئەو ناوچانەی لافاوەکان لێیدابوون چۆڵی بکەن."

لە نێو ئەو بەڵگانەی تاووتوێدەکرێن، ژمارەیەک ڕاپۆرتی پۆلیسە لەسەر مردنی 12 کەس لە نێوەندێکی سەرپەرشتیکردندا لە شارۆچکەی شینزیگ بەهۆی ئەوەی ئاوی لافاوەکە نهۆمی یەکەمی باڵەخانەکەی ئەو نێوەندەی داپۆشیبوو و هیچ دەرفەتێک نەمابوو تا خەڵکەکە بە پارێزراوی ببرێنە دەرەوەی باڵەخانەکە.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە هەفتەی ڕابردوودا وتبووی وڵاتەکەی لە ئایندەدا دەست دەکات بە پڕۆژەی پەیامی ئاگادارکردنەوە لە ڕێی تەلەفونی مۆبایلەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان لە هەر ئەگەری مەترسییەک.

هێشتا 26 کەس بێسەروشوێنن، پاش ئەوەی لافاو شار و گوندەکانی داپۆشیبوو و پرد و ڕێگەوبان و هێڵەکانی شەمەندەفەر و خانوبەرەکانیشی وێرانکردبوو کە بە خراپترین کارەساتی لافاو دادەنرێت لای ئەوانەی لافاوەکانی تری ناوچەکەیان لە یاددایە.