ئاژانسی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ کۆچ (IOM) لە نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئوکسجینی بۆ بریندارەکانی چەکی کیمیایی کردەوەو ژمارەیەک ئامێری هەناسەدانی دەستکردیشی بۆ نەخۆشخانەی وەفای تایبەت بەتووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابینکرد.
د. ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەگەرچی هێشتا نەخۆشخانەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەرنەگیراوە بە ناچاری کردوومانەتەوە، کارگەی ئوکسجین بە سوپاسەوە بۆ ڕێکخراوی کۆچ، 54 هەزار لیتر لەکاتژمێرێکدا بەرهەم دەهێنێت، بە تەواوبوونی ئەم کارگەیە هۆڵی فریاکەوتنی خیرا بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی دەکەینەوە کە لە 24 کاتژمێردا 15 کاتژمێر پێویستیان بە ئوکسجینە".
ئاسۆ کاکە حەمە لێپسراوی ئۆفیسی سلێمانی ئاژانسی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ کوچ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەمڕۆ چوار پڕۆژەمان لە هەڵەبجە هەبووە کە خزمەتکردنە بەهەموو سکێتەرەکانی تەندروستی و پەروەردە و کشتوکاڵ و لە چوارچێوەی پڕۆژەی بچوک و مام ناوەند و بەرەو گەورە چەندین پڕۆژەمان ئەنجام داوە ".
ئاژانسی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ کۆچ ساڵانە چەند شارو ناوچە دیاری دەکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە بو خزمەتی خەڵکی ناوچەکان و ئاوارەکانی عێراق و سوریا لە ناوچەکاندا لەماوەی ڕابردوودا بە نزیکەی یەک ملیون دۆلار پڕۆژەیان لە هەڵەبجە جێبەجێکردووە.
Your browser doesn’t support HTML5