خەسرەو گۆران : کاندیدەکانمان لە کەرکوک و هەموو ناوچەکان بانگەشە دەکەن

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، سەرقاڵی کردنەوەی بارەگاکانیانن لەهەندێک ناوچەی دابڕاو و لەهەموو ئەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە کاندیدەکانیان دەچنە هەموو ناوچەکان بۆ بانگەشە و کەس ناتوانێت ڕێگریان لێبکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران دەڵێت "خۆمان ئامادە کردووە بۆ هەڵبژاردن و چاوەڕێی ڕۆژی دەنگدانین."

جەختیشیکردەوە لەهەموو ناوچە کێشە لەسەرەکان بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن، وتی"لە مەندەلیەوە تا شەنگال کاندیدمان هەیە."

سەبارەت بە گەڕانەوەی بارەگاکانیان بۆ کەرکوک، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد سەرقاڵی گفتووگۆن لەگەڵ بەغدا بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانیان، وتی"هەمووان مافی خۆ کاندیدکردن و دەنگدانیان هەیە، کەس ناتوانێت ڕێگری لەکاندیدی کەس بکات، چونکە ئەو مافە دەستوریە."

خەسرەو گۆران ئاشکراشیکرد، کاندیدەکانیان لە شەنگال و خورماتوو و هەموو ناوچەکان کاری خۆیان دەکەن، وتی"وا خەریکی دانانی بارەگاین لە مەخمورو موسڵ، کەرکوک و شوێنی تریش بۆ داهاتوو."

دەربارەی هۆکاری دانانی هۆشیار زێباری بە سەرۆکی لیژنەی بانگەشەی هەڵبژاردن، لەکاتێکدا ناوبراو وەکو کەسێکی جەماوەری دەرنەکەوتووە، بەڵکو زیاتر کەسێکی سیاسی و دبلۆماسیە، خەسرەو گۆران وتی"بۆ هەموو هەڵبژاردنێک لیژنەیەکی باڵای هەڵبژاردن دروست دەکەین و کەسێک سەرپەرشتی لیژنەکە دەکات، جار هەبووە کاک فازڵ بووە، جاربووە کەسی دیکە بووە، ئەمجارە کاک هۆشیار سەرپەرشتی لیژنەکە دەکات."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، دەربارەی ئەو گومانانەی دروستبوون، گوایە دیاریکرنی هۆشیار زێباری بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن، ئامادەکردنیەتی، تا دوای تەواو بوونی پرۆسەکە بینێرنە بەغدا بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا، وتی"هیچ زانیاریەکم لەسەر ئەوە لانیە."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵاشاد-خەسرەو گۆران