تاڵیبان دەستدەگرێت بەسەر دوو شاری سەرەکی ئەفغانستان و شەڕەکانیش بەردەوامن

تاڵیبان دەستدەگرێت بەسەر پایتەختەکانی دوو هەرێمدا لە ئەفغانستان هاوکاتی پێشڕەوییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی شار و شارۆچکەی زیاتری وڵاتەکە.

یاخیبوانی تاڵیبان لە ڕۆژی هەینییەوە دەستیان گرتووە بەسەر چوار پایتەختی هەرێمەکانی ئەفغانستاندا و پێشدەچێت فشارێکی زۆریش کەوتبێتە سەر هێزە سەربازییەکانی حکومەت.

نوێنەران و دانیشتوانی هەردوو شاری سەرەکی، کوندوز و ساریبول لە باکوری ئەفغانستان کەوتوونەتە دەست تاڵیبان بەبێ ئەوەی شەڕی قورسیش ڕوویدابێت.
دانیشتوویەکی شاری کوندوز دەڵێت "شارەکە لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیدایە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا تاڵیبان دەڵێت "بە پشتیوانی پەروەردگار و پاش شەڕێکی قورس جیهادییەکان توانیویانە دەست بگرن بەسەر هەردوو شاری سەرەکی کوندوز و ساریبول و تەواوی دامەزراوە حکومەتییەکان کەوتوونەتە ژێر دەستی تاڵیبان."

پەروینا عەزیمی، چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان بە تەلەفون بەئاژانسەکانی دەنگوباسی ڕاگەیاندووە "کاربەدەستانی حکومەت و ئەو هێزە ئاسایشیانەی لە شارەکاندا بوون، لە ئێستادا نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە شارەکانەوە دوورن."

دەستبەسەدراگرتنی شاری کوندوز، تا ئێستا گرنگترین دەستکەوتی تاڵیبانە لەوەتای هێرشەکان لە مانگی 5ی ڕابردووەوە دەستیان پێکردووە هاوکاتی ڕاگەیاندنی دوا قۆناغی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستاندا.

لە ساڵی 2015 و 2016دا، جیهادییەکانی تاڵیبان دوو هێرشی گەورەیان کردە سەر شاری کوندوز بەڵام نەیانتوانی هیچ پێشڕەوییەک بکەن.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان دەڵێت "هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دامەزراوە سەرەکییەکانی شارەکان."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، هێزی تایبەت دەستی کردووە بە کێوماڵکردنی ناوچەکان و هەندێک ناوچە لە تاڵیبان پاککراونەتەوە و باڵەخانەکانی ئێستگە و تەلەفزیۆن لە تاڵیبان سەندراونەتەوە.

ڕۆژی هەینی تاڵیبان دەستیگرت بەسەر شاری زرنج، پایتەختی هەرێمی نیمروز، هاوسنوری ئێران و ڕۆژی دواتریش دەستیگرت بەسەر شاری شبرگان، پایتەختی هەرێمی جۆزجان لە باکوری ئەفغانستان.

دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆردومانی ژمارەیەک شوێنی کرد لە شبرگان، هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی ئەفغانستان توانییان هەندێک پێشڕەویی بکەن.

نیکۆڵ فێرارا، وتەبێژی سەرکردایەتی هێزی ئەمەریکا بە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە "لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کراون بۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانە ئەفغانییەکانمان."