ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزە ئەمەریکاییەکان لە عێراق، بۆچوونی جیاوازی لەنێو پێکهاتەکانی عێراقدا دروستکردووە، بەشێک لە پێکهاتەکان پێشوازی لەکشانەوەکە دەکەن، بەڵام بەشێکی تریان، ترسیان لە دۆخی عێراق هەیە، لەدوای کشانەوەی ئەو هێزانە.
ڕەملە عوبەیدی، ئەندامی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "گەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە، نامانەوێت کشانەوەکە دۆخی ئەمنی عێراق بەرەو خراپتر ببات، دەمانەوێت دۆخی عێراق پارێزراو بێت، گەلی عێراق، دەوڵەت و سنوری عێراق، پارێزراو بن، وڵاتانی دەوروبەر و ئیقلیمی دەستوەردان نەکەن."
داواکاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دراوە، زیاتر خواستی هێزە شیعیەکانی عێراقە، لەکاتێکدا کورد و عەرەبی سونە، نیگەرانن لەو بڕیارە و دەترسن کشانەوەی ئەو هێزانە، ببێتە هۆی خراپی دۆخیان لەچوارچێوەی عێراقدا.
سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری میحوەری گوێر- مەخموری پێشمەرگە، جەختیکردووەتەوە"کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کارەسات دروست دەکات، داعش زیندوو دەبێتەوە و دۆخی ئەمنی خراپتر دەبێت."
هەرچەندە پاساوی کورد و بەشێک لە عەرەبی سونە لە پشتگیریان بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، زیندووبوونەوەی داعش و تێکچوونی دۆخی ئەمنییە، بەڵام سەرچاوەی مەترسیەکە زیاتر سیاسیە وەک لە ئەمنی، بەوپێیەی دەترسن لە غیابی هێزەکانی ئەمەریکادا، باڵانسی نەتەوەیی و پێکهاتەیی تێکبچێت، هێزە شیعیەکان خواستەکانیان وەلانێن.
بەرەی تورکمانی کە لەچەندین هێزی تورکمانی پێکهاتووە، جیاواز لە کورد و عەرەب، لارییان نیە لەڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمەریکا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە، هێزە تورکمانیەکان ترسیان نیە لەوەی لە غیابی ئەمەریکا، ببنە ژێر پێوە، بەو پێیەی پشتیوانی ئیقلیمیان هەیە.
قەحتان وەنداوی، جێگری سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی دەڵێت"ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا لە دوا سەردانی کازمیدا بۆ واشنتۆن، بەشێکبوو لە قۆناغی چوارەمی ڕێککەوتنی ستراتیژی، کشانەوەی ئەمەریکا لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی بۆ دراوە و خشتەیەکی زەمەنییش دیاریکراوە بۆ کشانەوەکە، ئێمە پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە دەکەین، کە کۆتایی بە ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا دێنێت و ئەرکەکانیان بۆ پشتیوانی لۆجستی دەگۆڕێت."
هێزە شیعیە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لەهەموو لایەنەکانی تر سوورترن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هەمیشە ئەو سەربازگانە موشەک باران دەکەن کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدان، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، دەیانەوێت هێزە ئەمەریکاییەکان هەراسان بکەن، تا عێراق بەجێبهێڵن.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە.
Your browser doesn’t support HTML5