هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق وا بڕیارە لە 10ی مانگی 10ی ئەمساڵ 2021 ئەنجام بدرێت، کە بڕیارە تێیدا 328 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێن، پاشان ئەو ئەنجومەنە سەرۆکی عێراق و سەرۆک وەزیری داهاتووی عێراق هەڵبژێرێت.
هەڵبەتە پێشتر بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە لە مانگی شەشی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بەڵام لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دواخرا بۆ مانگی 10، کە لە سەرەتادا حزب و لایەنە عێراقییەکان هاودەنگ بوون لەسەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا، بەڵام ئێستا هەندێک لەو ڕێکخرا و لایەنانە پاشەکشێیان کردوە و دەڵێن بەشداری هەڵبژاردنەکە ناکەن یاخود بایکۆتی هەڵبژاردنەکە دەکەن، لەناویاندا موقتەدا ئەلسەدر بە ماوەیەکی کەم پاش ڕوودانی کارەسانی سوتانی نەخۆشخانەی ئەلحوسەینیە لە ناسریە کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکە ڕاگەیاند.
حزبی شیوعی عێراقی لە هەبوونی گومانیان لەسەر پاکی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە کشایەوە، نزیکەی لە کۆتایی مانگی حەوتیش ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی میمبەر کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، چەند کەسایەتی و لایەنی بچوکی عێراقیش بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا ناکەن. ئەمە بێجگە لە باری خراپی ڕەوشی ئابوری و بەڵای شەپۆلەکانی کۆڤید19، وشکە ساڵی، کەمبوونەوەی ئاو و بەرزبوونەوەی پەلەکانی گەرما، بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵکی عێراق لەسەر خراپی باری ئابوری و گوزەرانیان. ئەمانە هەموو ئاماژەیەکن کە هەڵبژاردنەکان ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە.
بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت " کشانەوەکان کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکە نابێت و کاری چاپەمەنی و ناوی کاندیدەکان تەوا بووە و لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت" هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەریەکە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بالیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق هاودەنگ بوون و ڕایانگەیاند پێویستە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
جا ئایا سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی سەرکەوتوو دەبێت لە داواکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا؟ ئایا گەلانی عێراق ئامادەن بەشێوەیەکی پێویست بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.؟ تا چەند بایکۆت یان بەشداری نەکردن کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت؟ ئایا لە حاڵەتی ڕەوشی تەندروستی و پەرەسەندنی شەپۆلی چوارەمی کۆڤید19 هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە دوا دەخرێن یاخود ساز دەدرێن؟ یانیش پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا چەند کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت؟.
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکە حەیدەر کەریم پێشکەشکار و دەرهێنەری بەرنامەی هەلەو واشنتن میوانداری سەرتیپ جەوهەر نوسەر و ڕۆژنامەنوس و شرۆڤەکاری سیاسی بنکە لە هەولێر کردووە.
Your browser doesn’t support HTML5