شیرین ئامێدی: هەرچی لە کوردستان ڕوودەدات، تابوری پێنج دەیخاتە ئەستۆی پارتی

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شیرین ئامێدی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەچەندین پرسی تایبەت بەهەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە هەرچی لە کوردستان ڕوودەدات، تابوری پێنج دەیخاتە ئەستۆی پارتی.

دڵشاد ئەنوەر: خاتوو شیرین ئەم کاتەت باش، دەمەوێت لەو پرسیارەوە دەستپێبکەم، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەنیازی چەند کورسی‌یە؟

شیرین ئامێدی: سوپاستان دەکەم بۆ ئەم گفتووگۆیە، خۆشحاڵم لەڕێگەی کەناڵەکەتانەوە بتوانم دەنگی خۆم بگەیەنمە جەماوەری کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، گەر باسی پارتی بکەین، دروشمی پارتی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی یە، پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە باوەڕی بەو دروشمانە بەکردەوە هەیە. یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی هەڵبژاردنە، پارتی باوەڕی بەوەیە خەڵک بە ئازادانە دەنگ بدات، حزب بۆ خزمەتی خەڵک دروستبووە و دەبێت خەڵکیش ئازادانە بڕواتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، پارتی باوەڕی بەخۆی و جەماوەری خۆی هەیە، دروشمی پارتی، دروشمێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە، گەلیش دەزانێت چی حزبێک دەتوانێت ئامانجەکانی بهێنێتە دی، پارتی دەیەوێت دەسەڵات وەربگرێت و شەڕی مافە نەتەوەییەکانی کورد بکات لەبەغدا، پارتی دەیەوێت شەڕی جێبەجێکردنی دەستور بکات، پارتی لەهەڵبژاردنی 2018 بووە حزبی یەکەم، ئیشەڵا ئەم هەڵبژاردنەش، دەبێتەوە بە حزبی یەکەم.

دڵشاد ئەنوەر: دروشمی پێشتری پارتی سەربەخۆیی بوو، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و پارتی ڕوو لەبەغدا دەکات، دروشمی ئەمجارەتان چی دەبێت؟

شیرین ئامێدی: گەر تەماشای لیستی ئەمجارەی پارتی بکەیت، لیستی پێکەوە ژیانە، حزبێکی وەکو پارتی بیری لەوە نەکردووەتەوە، نەتەوەیەک یان ئاینێک جیا بکاتەوە، تا نەبێتە ئەندام و لایەنگری پارتی، بەڵکو پارتی دەرگای بۆ هەموو لایەک کراوەیە. ئەمجارە کە دوای شەڕی داعش و ڕووداوەکانی بەغدایە، برا عەرەبەکانیش باوەڕیان بە پارتی و جەنابی سەرۆک هەیە، دەیانەوێت ببنە ئەندام، لیستی ئەمجارەمان لیستی پێکەوە ژیانە، هەر لە فەلوجەوە تا شەقڵاوە، لە زاخۆ وە تا خانەقین، هەموو نەتەوەکان، کاندیدیان هەیە لەنێو لیستی پارتی دا.

دڵشاد ئەنوەر: پارتی هەمیشە باسی یەکڕیزی کورد دەکات، جەنابیشت لە قسەکانتدا باسی پێکەوە ژیانت کرد، بەڵام زۆرجار وەفدی پارتی بە جیا دەڕواتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان، بەبێ ئاگاداری لایەنە کوردیەکان دانوستان دەکات، ئایا ئەمە خۆ جیاکردنەوە نییە؟ یاخود ئەمە پاراستنی یەکڕیزیە؟

شیرین ئامێدی: کاکە کەس ناتوانێت تانە لەمێژوو بدات، پارتی و خودی جەنابی کاک نێچیرڤان جێگری سەرۆکی حزب و وەفدی یاوەریشی، یەکەم هەنگاویان کە هەڵبژاردن هاتە پێشەوە، سەردانیکردنی لایەنەکان بوو، تا پێکەوە هاوپەیمانێتیەکی بەهێز دروست بکەین بەبەشداری هەمووان، بەداخەوە لایەنەکان نەهاتنە پێش، ئەگینا پارتی، لەڕێگەی وەفدێکی باڵاوە بانگهێشتی کردن، تا یەکدەنگ و بەیەک لیستی و بەبەهێزی بچینە بەغدا، پارتی هیچ وەختێک بێ ئاگاداری لایەنەکان نەچووەتە بەغدا، بۆیە تانە لە پرسیارەکەت دەدەم.

دڵشاد ئەنوەر: بەڵام پێش جوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، وەفدی پارتی چەند جارێک بەجیا ڕۆیشتووەتە بەغدا، جارێک بەسەرۆکایەتی هۆشیار زێباری و جارێک کۆچکردوو ڕۆژ نوری شاوەیس و چەند جارێکی تریش ڕۆیشتوون، ئیتر بۆ تانە لە پرسیارەکە دەدەی؟

شیرین ئامێدی: کاتێک دەست بۆ لایەنەکان درێژ بکەیت، پێش چوونە بەغدا، سەردانی هەموو لایەنەکانمان کردووە، چەندین کۆبوونەوە لە ئاستی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم کراوە ولایەنەکان بانگکراون، تا بەیەک دەنگی بچینە بەغدا، ڕاستە هەندێکجار وەفد چووەتە بەغدا، بەڵام پەیامیان بردووە، خۆ بۆ پارتی نەچوون، هەموو جارێک پەیامی نیشتیمانی و نەتەوەییان گەیاندووە.

دڵشاد ئەنوەر: پارتی هەوڵی هاوپەیمانێتی و لەیەکتر نزیکبوونەوەی لەگەڵ کوتلەی سەدری دا، ئایا بۆ ئەمە ڕاوێژ بەلایەنە کوردیەکان کرا؟

شیرین ئامێدی: هیچ بەڵگەیەک نییە، کە هاوپەیمانێتی کرابێت، کوتلەی سەدری لەهەڵبژاردن کشاوەتەوە. گەر هاوپەیمانێتیش هەبێت، مافی خۆمانە لەگەڵ کێ هاوپەیمانێتی بکەین، هەرچەندە هاوپەیمانێتی نەکراوە، چاوەڕێ دەکەین دوای هەڵبژاردن بە بەهێزی و بەژمارەیەکی باش کورسیەوە بچینە بەغدا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی، هەر هەنگاوێک بنێین، بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کورد ڕەچاو دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەین.

دڵشاد ئەنوەر: ڕەتتکردەوە لێکنزیک بوونەوە هەبێت لەگەڵ ڕەوتی سەدردا، بەڵام بەرپرسانی پارتی لێک نزیکبوونەوەکە ناشارنەوە بۆ دوای هەڵبژاردن؟

شیرین ئامێدی: بەڵێ، لەیەکترنزیکبوونەوە هەیە، بەڵام لەڕووی یاساییەوە، هاوپەیمانێتی بۆ دوای هەڵبژاردنە و دەبێت ڕابگەیەنرێ، تاوانە بڵێن: هاوپەیمانێتی مەکەن، تاوانە بڵێن: لایەنگر بۆ خۆمان دروست مەن. گەر ئەوانە نەکەین، سبەی چۆن بتوانین بەبەهێزی بچینە بەغدا و بەشداری کارای حکومەت بین، دەبێت بزانین کێ پشتگیری مافی گەلی کورد دەکات، تا هاوپەیمانێتی لەگەڵ بکەین، بەڵام هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن و بەپێی ئیستیحقاق دەکرێت.

دڵشاد ئەنوەر: جەنابت باست لەوەکرد کە دەبێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنێک بکرێت کە باوەڕی بە مافی کورد هەبێت، نکۆڵیت لەوەش نەکرد کە لەیەکترگەیشتنتان لەگەڵ سەدر هەبووە، ئایا سەدر باوەڕی بەمافی گەلی کورد هەیە، تا لێی نزیک ببنەوە؟

شیرین ئامێدی: هەموو حزبە عێراقیەکان گەر دانیشن و بیر بکەنەوە، کە پارتی و گەلی کورد چی قوربانی داوە بۆیان، چۆن سنگی خۆیان کردەوە بۆیان، هەموو حزبەکان کە ئێستا لەبەغدان، نانی پارتی و کەس و کاری ئێمەیان لەکاتی ئۆپۆزسیۆن بووندا لەچیاکانی کوردستان خواردووە، دەبێت پێزانینیان بۆ مەسەلەی کوردی هەبێت، دەبێت بیر لەوە بکەنەوە گەلی کورد، چی قوربانیان بۆ داون، دەبێت پشتگیری مافی کورد بن.

دڵشاد ئەنوەر: دروشمی پارتی سەربەخۆییە، لەکاتێکدا دروشمی سەدر یەکپارچەیی عێراقە، ئایا ئەم دوو دروشمە تەواو جیاواز و پێچەوانە، چی کۆکیکردوونەتەوە؟

شیرین ئامێدی: پارتی حزبێکی بچوک نییە لە هۆڵێک کۆببێتەوە و بڵێت: شیعاری من ئەوەیە، پارتی لەگەڵ ڕووداوەکان دەڕوات لەپێناو بەرژەوەندی کورددا، لەساڵی 2017 ڕیفراندۆم کرا، تا ببێتە سەنەدێکی یاسایی لەدەستی کورد و بۆ داهاتوو بەکاری بهێنێت، ئایا دەتەوێت ئەم سەقامگیری و ئەزموونەی هەمانە، لەدەستمان بچێت، دوای 16 ی ئۆکتۆبەر چ پلانێک هەبوو دژی کورد و قەوارەکەی، بۆیە دەبێت پارتی لەگەڵ ڕووداوەکاندا و بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد شیعار بەرز بکاتەوە، هەمیشە چاوەڕێین ڕیفراندۆم نەتیجەی هەبێ و ئیشەڵا دەشیبێت.

دڵشاد ئەنوەر: بەڵام ئێستا پارتی دەیەوێت بەرەو بەغدا بڕوات و لەوێ خۆی بەهێز بکات و لەگەڵ لایەنەکان خۆی نزیک بکاتەوە، ئایا ئەم هەوڵانە، پێچەوانەی دروشمەکانی پێشووتر نین بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی؟

شیرین ئامێدی:کاکە، هەموو حزبە عێراقیەکان تەمەنا دەکەن بێن حیوار لەگەڵ پارتی بکەن، تا خۆیان بەهێز بکەن، هیچ حزبێک لەبەغدا ناتوانێت حکومەتێکی سەربەخۆ دروست بکات، بەبێ حیوار و هاوپەیمانێتی، هەموو حکومەتەکانی عێراق تا دەگاتە کازمی، ئێمە وەکو پارتی پشتگیریان بووین،گەر ئەوان خیانەت لە ئەجێندای خۆیان بکەن و داواکاری میلەتی کورد جێبەجێ نەکەن، تاوانی پارتی چیە؟

ئێمە پشتیوانی هەرکەسێکمان کردبێت، وا بیرمان کردووەتەوە، بەڵکو ئەمە ببێتە سەرۆکی حکومەت و مادەی 140 و دەستور جێبەجێ بکات، بەداخەوە فشاری ناوخۆیی و دەرەکی نەیانهێشتووە ئەمە بکەن، تا ئەمڕۆش، ئەو مافە بەخۆیان دەدەن، موچەی گەلی کورد ببڕن، تا جەماوەری کوردستان باوەڕیان بەئەزموون و ئاسایش و دەسەڵاتی کوردی خۆی نەبێت، ئەوانەی ئەم کارە دەکەن، هەر ئەوانەن لە چیاکانی کوردستان نانی کوردیان خواردووە، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتیان لایە، خۆیان کپ کردووە و مافی کورد نادەن.

دڵشاد ئەنوەر: باسی خواستی لایەنە عێراقیەکانت کرد بۆ خۆ نزیککردنەوە لەپارتی، ئاماژەشت بەوەکرد کە هەر ئەو لایەنانە موچەی خەڵکی کوردستان دەبڕن، ئەم دوو بۆچوونە تاڕادەیەک جیاوازن، بەڵام دەمەوێت پرسیارەکە بەجۆرێکی تر بکەم، ئەوەی تێبینی بکرێت هەر وەفدی پارتی یە دەڕواتە بەغدا، لایەنە عێراقیەکان یان نایەن، یان کەم دێن، گەر هێندە خواستی نزیکبوونەوەیان لەپارتی هەیە، بۆچی وا ئەوان نایەن بۆ لای پارتی؟

شیرین ئامێدی: کاکە، گەر من لەماڵی خۆم ناڕێکبم، ئەوکات دراوسێکەم چی دەڵێت، دەبێت ئەوان ماڵی خۆیان ڕێکبخەن.

دڵشاد ئەنوەر: ئەی پارتی هێزێکی دەسەڵاتدارە، بۆ نێو ماڵی کورد ڕێکناخاتەوە؟

شیرین ئامێدی: دەڵێم: ماڵی ئەوان ناڕێکە، ماڵی ئەوان تێکچووە، ڕۆژانە لە بەغدا خۆپیشاندانە، ناو ماڵی پارتی ڕێکە، پارتی هەموو کات یەکڕەنگ و یەکدەنگ بووە، لەمێژووی پارتی دا ناکۆکی نەبووە.

دڵشاد ئەنوەر: مەبەستم ناو ماڵی پارتی نەبوو، هەرێمی کوردستان تەنها لە پارتی پێکنەهاتووە، نێوان لایەنەکان خراپە، ئایا ئەمە دەرفەت ناداتە بەغدا، تا بەو شێوە حساب بۆ هەرێم نەکات؟

شیرین ئامێدی: چ حزبێک هاتووە کێشەی پارتی حەل بکات، پارتی یەکدەنگە، بەڵام خۆت دەزانیت نێو حزبەکانی تر چۆنە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین گەر باسی مافی کورد و دەستور و هەڵبژاردنیش بکرێت، تا یەکدەنگ نەبین و ستراتیژیەتی کورد یەکنەخرێ، هەر بەمشێوە پەرت و بڵاو دەبین.

دڵشاد ئەنوەر: دەمەوێت ئەمە بکەمە کۆتا پرسیار، لە سەرەتای گفتووگۆکەدا ئاماژەت بەوەکرد، پارتی هێزێکی دیموکرات و ئازادیخوازە، دەیەوێت خۆشگوزەرانی بێنێتە دی، بەڵام لەم چرکە ساتەدا کە قسە دەکەین، لەهەولێر خۆپیشاندانە و ئاو نییە، خۆشگوزەرانی کوا؟ لەولاشەوە دەدرێت لە ڕۆژنامەنوسان و مایکیان دەشکێنرێت، کاتێک ڕووماڵی خۆپیشاندانەکە دەکەن، ئەمە ئازادی و خۆشگوزەرانییە؟

شیرین ئامێدی: خۆ پارتی کۆرۆنای نەهێنایە دونیا، لە فەرەنسا خۆپیشاندان دەکرێت، خۆ ئەوە نییە بەڕێز ماکرۆن دژی میللەتی خۆی بێت. هەرچی ڕوودەدات، تابووری پێنج دەیەوێت بیکاتە ملی پارتی، من لە مەسیف دادەنیشم، سێ چوار ڕۆژێ ئاومان نەبوو، چونکە لە قەندیل باران باریبوو، کێشە دروست بووبوو، بەڵام هۆکارەکەمان زانی و تێگەیشتنمان هەبوو.

قوربانی میللەت بم، مافی خۆیانە، بەڵام دەبێت بزانن خۆ پارتی ئاو و کارەبای نەبڕیووە، ئێمە هەردەم خۆمان بەخزمەتکاری میللەتی خۆمان دەزانین، کەس ناتوانێت موزایەدە بەسەر پارتیەوە بکات. خۆپیشاندانیش بەشێکە لە مەبدەئی دیموکراسی، دوێنێ لە میدیایەک بەرنامەیەک هەبوو لەسەر چوونە دەرەوەی گەنجان، گەنجی ئێمە موستەهلکە، حەزی لە ئیش نییە، هەموو بیانییەکانن لێرە ئیش دەکەن، گەنجی ئێمە لە ڕیستۆرانت کار ناکات، فێری موچە بووە، کاک مەسرور هانی گەنجانی دا ئیش پەیدا بکەن، خۆیان فێری ئیش بکەن، ئیتر کوڕی من بیر لە هەندەران بکاتەوە، تاوانی پارتی و حکومەت چیە.

دڵشاد ئەنوەر: تۆمەتبارکردنی گەنجان بە کارنەکردن و تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندەران بە تابووری پێنج، لەکاتێکدا هەلی کار لاوازە، گەڕەکێک بەتەواوی خۆپیشاندان دەکەن و بەم گەرمایە ئاویان نییە، پارتی هێزی دەسەڵاتدارە، بۆیە ڕووی دەمی لێدەکرێت، ئیتر تۆمەتبارکردن بۆ؟

شیرین ئامێدی: ڕەخنە قەبوڵ دەکەین، پارتی کە بەرەنگاری دیکتاتۆری بووەتەوە، تا گەنجان و ژنان و چین و توێژەکان بگەنە مافی خۆیان، هەردەم بۆ ئەم گەلە شەڕمان کردووە، خۆپیشاندان مافێکی دیموکراتیە، دەبێتدەنگی میللەت بگات، ڕەنگە قایمقامێک دەنگی خەڵک نەگەیەنێتە سەرکردایەتی، دەبێت خەڵک دەنگی خۆی بگەیەنێت، تا کێشەکەی چارەسەر بکرێت.

وەک وتم: دەیان کارگە کراوەتەوە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، گەنجی ئێمە ئامادە نییە فۆرمی ئۆنلاین ی کۆمیسیۆن پڕ بکاتەوە، لەکاتێکدا کۆمیسیۆن 12 هەزار کەسی دەوێت تا دایمەزرێنێت بە گرێبەست، بیست کەسیش پڕی ناکاتەوە، دەبێت بەزۆر بڵێیت: کاکە وەرە ئیشم بۆ دۆزیویتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر