لە هەولێر خەڵکێکی زۆر ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەهۆی کێشەی کەمی ئاوەوە و داوای چارەسەری بەپەلە بۆ ئەو بێ ئاویەی خۆیان دەکەن و کاربەدەستانی شارەکەش وەک خۆیان دەڵێن لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدان.
لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەسعود محەمەد کاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند " ئێمە لە شاری هەولێر دوو سەرچاوەی ئاومان هەیە، سەرچاوەی یەکەمیان ئاوی سەرزەویە لە زێی گەورە لە ڕێگەی پڕۆژەکانی ئاو هەر کاتژمێرێک نزیکەی پازدە هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین دەکات کە دەکاتە نزیکەی سێسەد هەزار مەتر موکەعب ڕۆژانە، سەرچاوەی دووەم بیرەکانی ناو شاری هەولێرن ژمارەی بیرەکانیش لەناو گەڕەکە جیاجیاکانی هەولێر کە نزیکەی 153 گەڕەکە نزیکەی هەزار بیر لێدراون، لەسەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بەهۆی ئەو وشکە ساڵیەی کە ڕوویدا کۆمەڵێک کێشە دروستبوو ئەمەش وایکرد ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەڕادەیەکی بەرچاو دابەزێت، ئەو بیرانەی کەلە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان لێدراون ئاستی ئاویان بەڕادەیەک دابەزی کە کەوتە بەر وشکە ساڵیەوە و چیدی ئەو دەرفەتە نەما کە ئاوی پێ بدەینە هاوڵاتیان".
لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشە بێ ئاوییەی کە ڕووبەڕوی چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر هاتووە وەک دانیشتوانەکانیان باسیان لێوە دەکرد و هەروەها هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیە، جێگری پارێزگاری هەولێر گووتی " ئاوی ئیفراز بەهۆی ڵێڵ بوونی زێی گەورە کە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە قۆڕاوببوو بۆیە دەبێت بۆ ماوەیەک پڕۆژە رابوەستیت هەتا ئەو شەپولە قۆڕاوەی کە هاتووە تێپەڕیت بەهۆی ئەو باران بارینەی کەلەسەر سنورەکان ڕوویدا، خۆشبەختان ئێستا ئەو قۆناغانەمان هەمووی تێپەڕاند لەسەرەتادا ڕەنگە زۆربەی گەڕەکەکان کێشەی بێ ئاویان هەبوو بەڵام هێواش هێواش ئێمە توانیمان چ لە ڕێگەی ئەو لیژنەی وشکە ساڵیەوە و هەروەها بەگەڕکەوتنەوەی ئاوی ئیفراز، ئێستا شەبەکەکانی ناو شاری هەولێر کە خۆی لە نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر تۆڕی ئاو دەدات هێواش هێواش ئاوەکە دەگەڕێتەوە ناوی."
ناوبراو گووتی" ئێستا وەکۆ گەڕەک نییه کە بڵێی گەڕەک بەتەواوەتی کێشەی بێ ئاوی هەیە بەس دەتوانین بڵێین لە گەڕەکێک ڕەنگە کۆڵانێک یان دوو کۆڵان کێشەیان هەبێت ئەوەش بەگوێرەی ئەو پلانەی کە ئێمە دامانناوە چ لە ڕێگەی بیرەکان بێت یان بەگەڕکەوتنەوەی پڕۆژەکانی ئاو بێت پێمان وایە کۆتایی ئەم هەفتەیە تا دە ڕۆژی تر بەشێوەیەکی گشتی ئاو بۆ هەموو گەڕەکەکان بچێتەوە ".
ئەو بەرپرسەی پارێزگای هەولێر دەشڵێت" ئـەو گەڕەکانەی کە کێشەی بێ ئاویان هەیە و تا ئێستا پڕۆژەی ئاوی ئیفرازیان نەگەیشتووەتەوە ئێمە لە ڕێگەی پرۆسەی تانکەر کە چەند تانکەرێکمان هەیە ئاو دابین دەکەین بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکەین کە ئەمساڵ لە شاری هەولێر ڕوویداوە، دیسان دەیڵێمەوە هیچ گەڕەکێک نییە بە گەڕەک لە شاری هەولێر کە کێشەی بێ ئاوی هەبیت ڕەنگە کۆڵانێکە یان دوو کۆڵان ئەوەش زۆرە بۆ ئێمە تەنها ماڵێکیش کێشەی بێ ئاوی هەبیت ئێمە لە پارێزگای هەولێر بەرپرسیارەتیەکە هەڵدەگرین".
لەمیانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لەمەڕ ئـەو گلەیی و ڕەخنە و ناڕەزایەتیانەی خەڵکی کە پێیان وابوو ئەم بێ ئاویە لەو گەڕەک و شارە نوێ و پێشکەوتووانە ناگرێتەوە و تەنها لەو گەڕەکانە دەگرێتەوە کە خەڵکەکەی هەژار نشینن، ئەندزیار مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگاری هەولێر گووتی " ئێستا گەڕەکی وەزیران ڕەنگە دەتوانین بڵێین راقیترین گەڕەکی هەولێرە کێشەی بێ ئاویان بۆ دروست بووە لە تەنیشتیەوە بۆ نموونە گەڕەکی تەیراوا هەیە کە گەڕەکی هەژارنشینە کێشەی بێ ئاویان دروست نەبوو یەکەم گەڕەکیش کە ئاو هاتەوە گەڕەکی تەیراوا بوو ئەو جۆرە هاوکێشەیەی کە باسی لێوە دەکرێت بە بۆچوونی ئێمە ڕەفزی دەکەینەوە و وانییە". زياتر گووتیشی" مەسەلە گەڕەکی هەژارنشین و دەوڵەمەندنشین نییە بیر کە وشکی کرد ئینجا ئەو بیرەی کە کۆن لێدراوە چ لە گەڕەکی هەژارنشین بیت یان دەوڵەمەندنشین، بۆ نموونە بیرەکانی کۆن کە لێدراوە قۆڵاییەکەی 150 مەتر بووە ئینجا ئەو بیرە کە لێدراوە چ لە گەڕەکێکی هەژارنشین بیت یان دەومەڵەندنشین بیرەکە وشکی کردووە".
Your browser doesn’t support HTML5