بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەڵێت " لە ڕێکەوتی 7ی مانگی 8ی ساڵی 2021 لەشاری هەولێر تاوانی کوشتنی موسا باباخانی کە خەڵکی کرماشانی کوردستانی ئێرانە لە یەکێک لە هۆتێلەکان ڕاگەیەندرا، پاشلێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک گومانلێکراو و زانیاری پێویست لەسەر ئەم تاوانە دەرکەوت کەوا گومانلێکراوی سەرەکی کەسێکە بەناوی سەرمەد داود عبد عەلی ناسراوە بە سامان ئیلامی، سەرمەد چوار مانگە لەشاری هەولێر لە هۆتێل گوڵی سلێمانی بەناوی کاری بازرگانییەوە نیشتەجێیە و پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ تاوانلێکراو موسا باباخانی هەبووە و بەردەوام بەیەکەوەبوون و هامۆشووی گەرم لەنێوانیاندا هەبووە.""
سەبارەت بەو ڕووداوە و ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، کەمال کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" سەرمەد کە ناوێکی تری هەیە بەناوی سامان خەڵکی ناوچەی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە پەیوەندیەکی دۆستانەی لەگەڵ کاک موسا هەبووە و بەداخەوە کوشتوویەتی و تەرمەکەشی بەجێهێشتووە و هەڵهاتووە بەرەو خانەقین، زانیاریەکانی ئێمە وادەڵێن کە "ئـەو کوشتوویەتی و هۆکاری ئەسڵی کۆشتنەکەیەتی."
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت " کاتژمێر سێی بەرەبەیانی 6/8/2021 گومانلێکراو سەرمەد بەتەنها لە ژوورەکەی دێتە دەرەوە و هۆتێلەکە بەجێدەهێڵێت و تەلەفۆنێک دەکات و تاکسیەک بەدوایدا دێت و بەڕێدەکەوێت بۆ شاری خانەقین و لەوێشەوە دەڕوات بۆ ئێران، بەپێی لێکۆڵینەوەکان تا ئاشکرابوونی تاوانەکە لەلایەن کارگێڕی هۆتێلەکەوە لە ڕێکەوتی 7/8/2021 هیچ کەسێک نەچووەتە ژووری سەرمەد، پەڕاوی یاسایی بۆتاوانەکە کراوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردن دەرچووە بۆ گومانلێکراوی سەرەکی تاوانەکە سەرمەد داود عبدعەلی کە ڕایکردووە و بەدواداچوون بەردەوامە بەمەبەستی دەستگیرکردنی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوام دەبێت و لەهەر پێشڤەچوونێک ڕای گشتی "ئاگاداردەکەینەوە"