ئەڵمانیا بە هانای چالاکوانانی ئەفغانستانەوە دەچێت

ژمارەیەک چەکداری تاڵیبان لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ

حکومەتی ئەڵمانیا بەرنامەی ناردنی سەربازی هەیە بۆ ئەفغانستان بە مەبەستی یارمەتیدانی هاوڵاتیانی ئەڵمانیایی و هەروەهاش ئەو هاوڵاتییە ئەفغانستانیانەی لەبەردەم مەترسییەکانی تاڵیباندان، بەپێی لێدوانی ئەمڕۆ دووشەممەی سەرچاوەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا.

حکومەتی ئەڵمانیا لە هەوڵی بەدەستهێنانی پەسەندکردنی پەرلەمانە بۆ ڕێگەپێدان بۆ ناردنی چەند سەد سەربازی ئەڵمانیایی، وەک سەرچاوەکان بە ئاژانسی فڕانس پرێسیان ڕاگەیاندووە و ئاماژەشیان بە کۆبوونەوەکەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەی ئانگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کردووە لەگەڵ ڕێبەرانی لایەنەکانی پەرلەماندا.

یەکێک لە سەرچاوەکانی ئەم هەواڵە دەڵێت "بڕیارە پردێکی ئاسمانی لە کابوڵەوە دروست بکرێت تا کارمەندانی خۆجێیی و بەتایبەتیش چالاکوانانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ و کارمەندانی تری ڕێکخراوە ناحکومییەکان بگوێزرێنەوە."
هەر ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، تا هەرچەندێکیش بخایەنێت ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت.

حکومەتی ئەڵمانیا پێیوایە دەشێت پێویست بکات نزیکەی 2000 کەس بگوێزرێنەوە و سەرچاوەکەی ئاژانسی فڕانس پرێس دەڵێت ڕاوێژکردنەکان لەگەڵ ئەمەریکادا وەها ئاماژەی پێدەکەن کە لەوانەیە ئەو پرۆسەی گواستنەوانە تا 31ی مانگی 8 بخایەنێت، بەڵام بەرلین لەوانەیە زووتر ئەو پرۆسەیە تەواو بکات.

ئەڵمانیا لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستیکردووە بە گواستنەوەی دیپلۆمات و کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە کابوڵ و بردونیەتە بەشێکی لەشکریی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ.

یەکەم فڕۆکەی ئەڵمانیا شەوی ڕابردوو چووە بۆ پایتەختی ئەفغانستان بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ پرۆسەی گواستنەوەکان و لە کابوڵەوە دەیانباتە وڵاتێکی دراوسێی ئەفغانستان (ناوی وڵاتەکە نەزانراوە) و لەوێوە بە فڕۆکەی سیڤیلی دەگوێزرێنەوە بۆ ئەڵمانیا.

بەرلین لە کۆتایی مانگی 6دا دوا هێزەکانی خۆی لە ئەفغانستان کشاندەوە پاش ئەوەی نزیکەی 20 ساڵ وەک بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەوێ مابووەوە.

بە درێژایی ئەو ساڵانە، ئەڵمانیا 150 هەزار سەربازی لە شوێنە جیاجیاکانی ئەفغانستاندا هەبووە و بەمەش بووە دووهەم گەورەترین هێزی ناتۆ لە ئەفغانستاندا پاش ئەمەریکا.

ڕەخنەگران لە مێرکڵ دەڵێن " شکستی هێناوە لە گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییە ئەفغانستانیانەی لەگەڵ لەشکری ئەڵمانیادا کاریان کردووە و نەیتوانیوە هێندەی پێویست کار بکات تا بە خێرایی بگوێزرێنەوە."