وتەبێژی حەشدی شەعبی: گەر ئەمەریکاش بکشێتەوە، هیچ مەترسیەک لەسەر هەرێمی کوردستان نییە

وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، ڕەتیدەکاتەوە لە حاڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا لە عێراق، هەمان سیناریۆی ئەفغانستان دووبارە بێتەوە، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە هەموو هێز و لایەنەکان بەشدارن لەحکومەت دا، بۆیە دۆخی عێراق جیاوازترە لە ئەفغانستان.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، دەنگۆی بەهێزبوونەوەی داعشی ڕەتکردەوە، وتی "داعش چەکداری کەم بووەتەوە، لە دۆخێکی خراپدان و بەزۆر پارە لەگوندنیشینەکان وەردەگرن، بەناوی زەکاتەوە."

وتیشی "لە دوا ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەکاندا لە حەمرین و رۆژاوای کەرکوک، بەڵگە و دیکۆمێنتی داعشمان زۆر دەستکەوتووە، داعش ڕێکخراوەییەکەی جارانی نەماوە، بوونەتە گروپ گروپ و هەر گروپە و بۆ خۆی ئیشەکات."

وتەبێژەکەی حەشدی شەعبی، ترسی دووبارە بوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستانی بە ترسێکی ناواقیعی ناوبرد، لەحاڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا، وتی"حکومەتی عێراق لەکورد و شیعە و سونە پێکهاتووە، کێشە ڕوونادات، هێزەکانی عێراق لەهەموو پێکهاتەکانی تێدایە."

ڕەخنەیلەچاودێرانی سیاسیش گرت، کە دۆخی عێراق بەراورد بە ئەفغانستان دەکەن، تۆمەتباری کردن بەوەی لەسەر بنەمای لایەنگیری، شیکردنەوە بۆ دۆخەکە دەکەن، جەختیکردەوە"عێراق بۆ عێراقیەکانە، بۆیە ئارامە و ئارام تریش دەبێت."

کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئێران و تورکیاوە، یەکێکە لەو ئەگەرەکانەی کە چاودێران لە غیابی هێزەکانی ئەمەریکادا لە عێراق باسیدەکەن، بەڵام عەلی حسێنی، دەڵێت"بیانووی تورکیا بۆ دەستوەردان لە عێراق پەکەکەیە، بیانووی ئێرانیش ئەمەریکایە، بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا کە لەبەغدا ئەنجام دەدرێت، هەموو وڵاتان داوەت بکرێن، پەیامی دەستوەرنەدان لەکاروباری عێراق بەگوێی هەموواندا دەدرێت."

وتەبێژەکەی حەشدی شەعبی، مەترسیەکانی سەر قەوارەی سیاسی هەرێمی ڕەتکردەوە لەحاڵەتی کشانەوەی ئەمەریکادا لە عێراق، وتی"مەترسیەکی واقیعی نییە، ئەم قسانە بۆ دەکرێت تا پەرچەکردار لای هەرێم دروست ببێت، یاخود هەرێم داوای مانەوەی ئەمەریکا بکات و بە نزیکی ئەمەریکا تۆمەتبار بکرێت، عێراق یەک وڵاتە و کورد مافی لەبەغدایە، کێشەی ناوخۆیی هەن، بەڵام کێشەکان بەراورد بەساڵانی ڕابردوو چارەسەر کراون، لەم هەڵبژاردنەدا عێراقیەکان وەڵامی یەکلایی کەرەوەیان دەبێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، پێشبینیکرد هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە، چونکە فشارێکی زۆر لەسەر حكومەتی عێراق هەیە بۆ ئەو مەبەستە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر