دوو کەسی سیڤیل لە هەرێمی کوردستانی عێراق کوژراون بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە هاوکاتی شەڕی دژی سەرهەڵداوانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەپێی لێدوانی کاربەدەستێکی خۆجێیی.
تورکیا بەردەوام ناوچەکانی باکوری عێراقی کردۆتە ئامانج لەو کردە لەشکریانەی دژی پەکەکە دەیانکات.
ئانکەرە، پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکات.
دەیان ساڵە پارتی کرێکارانی کوردستان یاخیبوونێکیان دژی دەوڵەتی تورکیا دەستپێکردووە و بنکەیشیان لە ناوچە شاخاویە سەختەکانی سنوری عێراق و تورکیادا هەیە.
ئەم توندوتیژیانەی ئەمڕۆ یەکشەممە تەنها 6 ڕۆژ پێش کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ڕێبەرانی ناوچەکەیە کە بڕیارە لە بەغدا بکرێت.
فەرهاد مەحمود، شارەوانی زاخۆ دەڵێت "ئەو دوو هاوڵاتییە سیڤیلییە لە ناوچەی زاخۆ کوژراون و چوونەتە ناوچەیەکەوە کە پێشتر ڕێنومایی دراوە بە خەڵک تا نەچنە ئەو ناوچەیەوە."
شارەوانی زاخۆ دەڵێت " دوو کەسە سیڤیلییەکە خەڵکی ناوچەی زاخۆ نین و لە موسڵەوە سەردانی ناوچەکەیان کردووە و بەر بۆردومانی تورکیا کەوتوون و کوژراون."
پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "شەڕەکان لەمڕۆ یەکشەممەشدا بەردەوامن."
تورکیا لە 25 ساڵی ڕابردوودا، دەیان بنکەی لەشکریی لە هەرێمی کوردستانی عێراق داناوە و لە مانگی 4ی ڕابردووەوە کردەیەکی نوێی لەشکریی دژی پەکەکە دەستپێکردووە و هێزی ئاسمانی و زەمینیش لەو هێرشانەدا بەکاردەهێنێت.
دانیشتوانی دەیان گوند بەهۆی ئەو هێرشانەی تورکیاوە ناوچەکانیان چۆڵکردووە.
لە ناوچەی شەنگالیش، 8 کەس کوژراون هاوکاتی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ڕۆژی سێشەممە تورکیا کردبووی.
ئەم هێرشە بەردەوامانەی تورکیا، پشێوییەکی لە نێوان ئانکەرە و بەغدادا دروستکردووە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بەردەوام ئاگاهیداوە بە عێراق و دەڵێت "ئەگەر بەغدا کێشەی پەکەکە چارەسەر ناکات ئەوا تورکیا دەیکات."
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر "کردە تاک لایەنە لەشکرییەکان" و هەروەها "بەکارهێنانی خاکی عێراقیشی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان" ڕەتکردۆتەوە بەڵام لەو ڕاگەیەندراوەدا بە دیاریکراوی ئاماژە بە تورکیا نەکراوە.
ئانکەرە یەکێک بوو لە هاوبەشە سەرەکییەکانی بازرگانی لەگەڵ بەغدادا و بۆ کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووش بانگهێشت کراوە؛ بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا ئەردۆغان بەشداری دەکات یان نا، هەروەک چۆن هێشتاش نەزانراوە ئایا لەو کۆبوونەوە لوتکەییەدا کردە لەشکرییەکانی تورکیا لە عێراقدا دەبێتە تەوەرێکی وتووێژەکانی ئەو کۆبوونەوەیە یان نا.