هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسەر سوریادا دەخاتە خوارەوە

سوپای ئەمەریکا دەڵێت فڕۆکەیەکی شەڕکەری سەر بە هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا خستۆتەخوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وەکو هەڕەشەیەک سەیرکراوە.

وتەبێژی هاوپەیمانێتیەکە لە سوپای ئەمەریکا کۆڵۆنێڵ وەین ماروتۆ وتی " فڕۆکەکەی هاوپەیمانان سەرکەوتوو بوو لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەواندا لەنزیک بنکەی قەریەت خەزڕا."

مانگی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکات لەسەر هێرشەکانی سەر ئەمەریکییەکان لە سوریا و عێڕاق، ئەوەش دوای ئەوەی سێ هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە سەر دیبلۆماتکاران و هێزەکانی ئەمەریکا و لە ئاکامدا دوو سەربازی ئەمەریکی برینداربوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز