تاڵیبان ئاگاهیدەدات و دەڵێت "بەرەنجامی خراپی دەبێت" ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشی مانەوەیان لە ئەفغانستاندا درێژ بکەنەوە بۆ دوای هەفتەی ئایندە.
ئەم ڕاگەیەندراوەی تاڵیبان هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی بێسەروبەری ناو فڕۆکەخانەی کابوڵ و هێشتاش دەیان هەزار کەسی تریش چاوەڕوانی خۆ دەربازکردنن لە ئەفغانستان.
بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەو پردە ئاسمانییەی دانراوە بۆ گواستنەوەی خەڵکی بیانی و هاوڵاتیانی ئەفغانستانی کە دەیانەوێت لە فەرمانڕەوایەتی سیستەمی توندڕەوی ئیسلامی ڕابکەن و وڵاتەکە جێبهێڵن، هەزاران سەرباز ڕژاونەتە ناو ئەو وڵاتە و هەروادێ و فشارەکانیش لەسەر واشنتۆن زیاد دەبن بۆ درێژکردنەوەی وادەی کۆتایی کشانەوە کە بڕیارە 31ی ئەم مانگی هەشتە بێت.
بەڵام تاڵیبان ئەمڕۆ دووشەممە هیچ نیاز و خواستێکیشی نیشان نەداوە بۆ لەبەردانەواندن کردن لەسەر ئەو دوا وادەیە.
سوهەیل شاهین، وتەبێژی تاڵیبان بە کەناڵی سکای نیوز دەڵێت "درێژکردنەوەی ئەو دوا وادەیە، درێژکردنەوەی داگیرکردنی ئەفغانستانە."
شاهین دەڵێت "ئەگەر ئەمەریکا یان بەریتانیا داوای کاتی زیاتر دەکەن بۆ گواستنەوە، ئەوا وەڵامەکە نەخێرە و بەرەنجامی خراپیشی دەبێت."
هاوکات دوو سەرچاوەی تاڵیبان بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسیان ڕاگەیاندووە؛ تاڵیبان حکومەت پێکناهێنێت تا ئەو کاتەی دوا سەربازی ئەمەریکا، ئەفغانستان جێدەهێڵێت."