ئەگەری هێرشی تر هەیە بۆ سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ و سەرۆکی ئەمەریکاش ئاگاهیدەدات

هێشتاش ئەگەری هێرشی تری خۆکوژی هەیە هاوکاتی دوا قۆناغی گواستنەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ.

سەرۆک جۆو بایدن، ئاگاهیداوە کە دەشێت هێرشی تر بکرێت بەر لە کۆتاییهێنان بە پرۆسەی گواستنەوەی هاوڵاتیانی بیانی و ئەفغانستانی لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیاتر لە 112 هەزار کەس لە کابوڵەوە گواستراونەتەوە لەو پرۆسەیەدا کە کە بە پێشەنگیی ئەمەریکا دەستیپێکردوە لەوەتای تاڵیبان لە دوو هەفتە لەمەوبەرەوە دەستی گرتووە بەسەر وڵاتەکەدا.

ئەم پرۆسەی گواستنەوەیە بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات، سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن لەوانەیە بە هەزاران کەس لە ئەفغانستان جێبمێنن.

هێرشبەرێکی خۆکوژی دەوڵەتی ئیسلامی-خۆراسان، ڕۆژی پێنجشەممە لەناو ئاپۆرەی ئەو خەڵکەی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ چاوەڕوانی گواستنەوە بوون، خۆی تەقاندەوە.
زیاتر لە 100 کەس کوژران لەو هێرشە خۆکوژیەدا و 13 سەربازی ئەمەریکاییش لەنێو کوژراوەکاندا بوون. ئەم هێرشە بووە هۆکارێک بۆ خاوبوونەوەی پرۆسەی گواستنەوەکە بەر لەو دوا وادەیەی سەرۆک بایدن بۆ کشانەوە داینابوو.

بەپێی بڕیارەکەی سەرۆک بایدن ڕۆژی سێشەممە، 31ی مانگی 8 دوا وادەی کشانەوەیە لە ئەفغانستان.

پەنتاگۆن دەڵێت، لە ئاکامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە و بە هێرشێکی تۆڵەکردنەوە ناودێری کردووە؛ 2 گەورە فەرماندەی داعش کوژراون لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان.

سەرۆک بایدن دەڵێت "ڕەوشەکە لە ئەفغانستان ئێجگار مەترسیدارە و هەڕەشە و مەترسیش سەبارەت بە هێرشی زیاتر لەلایەن داعشەوە هەیە. سەرکردە لەشکرییەکان ئاگاداریان کردوومەتەوە بەوەی لە ماوەی 24 تا 36 کاتژمێری داهاتوودا، زۆر پێدەچێت هێرشی تر بکرێت."

دواتر باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش لە کابوڵ ڕاگەیەندراوێکی ئاگاهیدانی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت زانیاری باوەڕپێکراو هەن سەبارەت بە مەترسی لە هەندێک ناوچەی دیاریکراوی فڕۆکەخانەی کابوڵ وەک دەروازەکانی فڕۆکەخانەکە.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لقەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ئەفغانستان و پاکستان بەرپرس بوون لە هەندێک لەو هێرشە خوێناویانەی لەو دوو وڵاتەدا کراون و خەڵکی سیڤیلیان لە مزگەوتەکان و مەیدانە گشتییەکان و خوێندنگاکان و تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیشدا، کۆمەڵکوژ کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە تاڵیبان و داعش دوو ڕێکخراوی توندڕەوی سوننە ئاینزان، بەڵام دوژمنی سەرسەختی یەکترن و هەردوولایەن وەهای ڕادەگەیەنن کە ئاڵای ڕاستەقینەی جیهادن.