ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا دەڵێت " لە ڕۆژانی داهاتوودا فەڕەنسا یارمەتی و کۆمەک دەگەیەنێتە نەخۆشخانەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و هاوکاریەکانمان بەدەوام دەبێت. لە گەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەداین کە کەشێک لە شنگال دروست بکەین تا خەڵک بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لە بابەتی ڕۆژئاوا بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەوان دەبین کە خەڵک بگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان و لەگەڵ سەقامگیری ناوچەکەداین و لە داهاتویەکی نزیکیشدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دادەنیشم و دەمەوێ دڵنیاتان بکەینەوە لەسەر وەفایەتی فەرەنسا بۆ دۆست و کوردەکان."
لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت " لەکۆبوونەوەکەدا باسمان لە دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقیشمان تاووتوێکرد".
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت " ئێمە لە عێراق پێویستیمان بەیارمەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کە هێشتا مەترسیەکی ڕاستەقینەیە، فەڕەنسا پێگە و ڕۆڵێکی کارای هەیە لەسەر ئاستی جیهان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کاریگەریشی هەیە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا لە بوارەکانی ئابوری و وزە و بازرگانی و کلتوری و ئەکادیمی و زانستیشدا و عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن هاوبەشێکی باشی فەڕەنسا بن و کۆمپانیا فەڕەنساییەکان دەتوانن بەشداری بەهێز بکەن لەپەرەپێدان و پێشخستنی کار و پڕۆژەکاندا لەهەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکەن و لەوبارەیەشەوە هەموو پشتگیری و ئاسانکاری لە هەرێمی کوردستاندا دابین دەکرێت."
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا سەردانی هەولێری کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرا و لە ڕووی پرۆتۆکۆڵی و سیاسی و دیپلوماسییەوە ئامادەکاریەکی تەواو کرابوو.
چاودێران پێیان وایە کە فەڕەنسا هاوکاری و پاڵپشتیەکی بەهێزی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بووە و لە چەندین قۆناغدا پارێزگاری هەرێمی کوردستانی کردووە دیارترینیان شەڕی دژی داعش و دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین لە ساڵی 1991دا.
بەپێی زانیاریەکان ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا فەڕەنساییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن و توانیویانە دەرفەتی کاریش بۆ سەدان کەس بڕەخسێنن، خەڵکی هەرێمی کوردستان داواکارییان لە فەرەنسا و ماکرۆن ئەوەیە گرنگیەکی زیاتر بە هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی بدات بەتایبەتی لە ڕووی پاراستن و ئابوریەوە بەوپێیەی کە فەرەنسا خاوەنی ئابوریەکی بەهێزە لەسەر ئاستی جیهاندا.
عەلی دۆڵەمەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا کەلە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا کرد سەبارەت بە سەرەدانی ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هەر لەسەرەتاوە ماکرۆن وتی هەر کاتێک کە هاتمە عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم چونکە بۆ ئێمە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمن و ئاسایش و شەڕی تیرۆریستانی داعش، بۆیە گرنگە سەردانی هەولێر بکەم و لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆببمەوە".
لە لایەکی ترەوە ئەحمەد زاوێتەیی چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەم سەردانەی فەڕەنسا گرنگیەکی تایبەتی هەیە لەبەر ئەوەی لەکاتێکدایە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان کە کێشەیەکی زۆر گەورەی لێکەوتەوە و لەهەرێمی کوردستانیش ترسێک هەبوو کە هەڵویستی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێت بەڵام ئەم سەردانە دووپاتی کردەوە کە هەڵویستی نێودەوڵەتی کە فەرەنسا یەکێکە لەو هێزە هەرە گەورانەی نێودەوڵەتی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشە و وەها لەپلاندایە کە باشتر دەبێت و لە قسەکانی ماکرۆنیش دیارە کە ئەوان دەمێننەوە و ناکشێنەوە ئەمەش پشتگەرمییەک بە خەڵک و هەرێمی کوردستان دەدات."
بەپێی زانیاریەکان ئەو تەوەرانەی کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستە جیاجیاکانی تری هەرێمی کوردستان ئەنجامیداون پێکهاتبوون لە شەڕی دژی تیرۆر و هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراق و چۆنیەتی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی داعش.
بەردەوام کاربەدەستە باڵاکانی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی عیراق دەکەن، ماکرۆن لە دوای فڕانسۆ ئۆلاندی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا دەبێتە دووهەم سەرۆک کۆمار کە سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکات.
جێی باسە کۆنگرەیەکی لووتکەییدا لە بەغدا بەبەشداری دەیان کاربەدەستی نێوخۆیی و جیهانی و ناوچەکە بەڕێوەچوو و پەیامی جۆراوجۆر لەو کۆنگرەیەدا خرانەڕوو و هەر لە بەغداش سەرۆک کۆماری فەەنسا چاوی بە نادیە موراد هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کەوت.