ڕوسیا داوا لە ئەمەریکا دەکات تا سڕ کردنی سەرمایەی بانکی نێوەندی ئەفغانسان هەڵبگرێت.
واشنتۆن، پاش ئەوەی تاڵیبان دەستیگرت بەسەر ئەفغانستاندا سەرمایەی ئەفغانستانی سڕ کرد.
زەمیر کابولۆڤ، نێردراوی کرملن بۆ ئەفغانستان لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت "ئەگەر هاوکارە ڕۆژئاواییەکان بەڕاست نیگەرانن لە چارەنوسی گەلی ئەفغانستان، ئەوا نابێت کێشەی تریان بۆ بخوڵقێنن و ئاڵتون و دراوە بیانییەکانیان لێ سڕ بکەن."
کابولۆڤ لە لێدوانەکەیدا بۆ تۆڕی ڕوسیا 24 کە کەناڵی فەرمی دەوڵەتی ڕوسیایە، دەڵێت "دەبێت ئەمەریکا بە پەلە سڕکردنی سامانی ئەو وڵاتە هەڵبگرێت بۆ ڕێگەگرتن لە داڕمانی دراوی نیشتمانی ئەفغانستان."
کابولۆڤ، لە درێژەی لێدوانەکانیدا ئاماژەیشی بەوەکردووە ئەگەر ئەو کارە نەکرێت ئەوا دەسەڵاتدارانی نوێی ئەفغانستان دەگەڕێنەوە بۆ قاچاغچێتی ئەفیون و هەروەهاش فرۆشتنی چەک لە بازاڕی ڕەشدا.
قاچاغچێتی بەنگ و موخەدەرات و فرۆشتنی چەکیش لە بازاڕی ڕەشدا لەلایەن لەشکری ئەفغانستان و هەروەها لەلایەن ئەمەریکاشەوە قەدەغە کراوە.
سەرجەم سامانی بانکی نێوەندی ئەفغانستان 9 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە لە کۆتایی مانگی چواردا بەپێی سندوقی دراوی نێونەتەوەیی. زۆربەی ئەو بڕە پارەیەش لە دەرەوەی ئەفغانستانە.
واشنتۆن ئاماژەی بەوە کردبوو کە تاڵیبان دەستی ڕاناگات بەو سامانەی ئەفغانستان هەیەتی لە ئەمەریکا، بەبێ ئەوەی بڵێت بڕی ئەو سامانە چەندە.
دەمێکە ئەفغانستان گەورەترین بەرهەمهێنی ئەفیون و هیرۆیینە لە جیهاندا و سودە داراییەکانی ئەم بازرگانییە نایاساییەش، یارمەتیدەری دارایی تاڵیبانە.