2 کەسایەتی سیاسی تونس لە وڵاتی جەزایر دەستگیر دەکرێن

پۆلیسی وڵاتی تونس چاودێری باڵەخانەی پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەکەن

ڕێبەری پارتی لێبراڵ لە هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی ساڵی 2019ی تونسدا کاندید بوو، لە وڵاتی جەزایر لەگەڵ برایەکیدا کە ئەندامی پەرلەمانە دەستگیر دەکرێن، وەک لە میدیاکاندا ئاماژەی پێکراوە.

لەو هەڵبژاردنەدا، قەیس سەعید، سەرۆکی ئێستای تونس، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی مۆزایک، کە ڕادیۆیەکی ئێف ئێمی کەرتی تایبەتە، ئەمڕۆ دووشەممە، نەبیل ئەلقورەوی سەرۆکی پارتی "قلب تونس" و غازی ئەلقورەوی برای لە ناوچەی تەبیسا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی جەزایر دەستگیرکراون.

ئوسامە خەلیفی، گەورە کاربەدەستێکی پارتی "قلب تونس" ە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە، هێشتاش چاوەڕوانی زانیاری فەرمی دەکرێت لەسەر ئەو دەستگیرکردنانە.

دەستگیرکردنی ئەو دوو برایە لەلایەن هەردوو حکومەتی جەزایر و تونس پشتڕاست نەکراوەتەوە.

خەلیفی دەڵێت یەک هەفتەیە هیچ هەواڵێکی ئەلقورەویی نەزانراوە.

ڕیاز ئەلنواوی، وتەبێژی دادگای قەسرەین لە تونس بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە لەگەڵ دوو کەسدا دەکەن کە گومانبارن بە یارمەرتیدانی هەردوو براکە تا ڕابکەن بۆ جەزایر."

نەبیل ئەلقورەوی دامەزرێنەری کەناڵی نەسمە تی ڤییە لە تونس و خاوەندارێتی بەشێکی ئەم کەناڵە تەلەفزیۆنەی کەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە بۆ سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی، سەرەک وەزیری پێشوی ئیتالیا.

ئەلقورەوی لە ساڵی 2017ەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە بەهۆی پارە سپیکردنەوە و خۆدزینەوە لە باجدان و لە ساڵی 2019دا دەستگیر دەکرێت و زیاتر لە یەک مانگ لە گرتوخانە هێڵراوەتەوە هاوکاتی هەڵمەتە گەرموگوڕەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تونس.

دواتر نەبیل ئەلقورەوی ئازاد دەکرێت، بەڵام لە مانگی 12ی ڕابردوودا جارێکی تر دەستگیر دەکرێتەوە و 6 مانگ لە گرتوخانە دەهێڵدرێتەوە و لە مانگی 6ی ئەمساڵی 2021دا ئازاد دەکرێتەوە.

ئەلقورەوی لە هەڵمەتەکەی هەڵبژاردنیدا سەنگیی خستبووە سەر بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و هەروەهاش دژایەتیکردنی ئیسلامی سیاسی، هەرچەندە هاوپەیمانێتیشی کردبوو لەگەڵ پارتی ئەلنەهزەی ئیسلامیدا.

ڕۆژی 25ی مانگی 7، بە بڕیاری سەرۆکی تونس، کاری پەرلەمانی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراوە و سەرۆکی حکومەتی وڵاتەکەیشی دورخستەوە و دەسەڵاتێکی ڕەهایشی بە خۆی داوە و جەختیشی کردەوە لەوەی ئەو بڕیارانەی ڕەوایی دەستورییان هەیە.

لەوکاتەشەوە ژمارەیەکی بەرچاوی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و دەستبەسەرکردن لە ماڵەکاندا، سەپێندراون بەسەر پەرلەمانتاران و دادوەران و کارداراندا بە ناوی ڕێبازی دژە گەندەڵییەوە؛ ئەم ڕێبازەش مەترسیی هێناوەتە ئاراوە لەسەر ئازادییەکان.