4 کەس کوژراون لە هێزی نیمچە لەشکریی پاکستان کاتێک هێرشبەرێکی خۆکوژ بە سواری ماتۆرسکیلێکەوە لە شاری کوێتا لە باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە خۆی تەقاندەوە.
ئەو هێرشبەرە خۆکوژە لە ناوچەی میان غۆندی شارەکەدا کە نزیکەی 140 کیلۆمەتر لە سنوری ئەفغانستانەوە دوورە خۆی تەقاندۆتەوە.
بازرگانە شیعەکانی هەزارە لە ناوچەیەدا خەریکی کاروباری بازرگانی ڕۆژانەی خۆیان بوون بە جۆرەکانی سەوزەوە.
ئەزهەر ئەکرەم، جێگری پشکنەری گشتی هێزەکانی پۆلیس دەڵێت 3 لە کوژراوەکان، دەستبەجێ لەگەڵ تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و یەکێک لە ئەفسەرەکان دواتر لە نەخۆشخانە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە مردووە.
ئەزهەر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران ئاماژەیشی بەوە کردووە، لەم هێرشە خۆکوژییەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، 17 کەسی تر لە هێزە نیمچە لەشکرییەکان و 2 کەسی سیڤیلیش بریندارن و سیانیان لە ڕەوشێکی ناجێگیری تەندروستیدان.
بەلانیکەم نزیکەی 500 هەزار کەسی هەزارە لە کوێتا دادەنیشن.
زۆر دەمێکە هەزارەکان کراونەتە ئامانجی ڕێکخراوە توندڕەوە میلیشیاییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی. داعش کە ڕێکخراوێکی توندڕەوانی سوننەیە، وەها لە هەزارە شیعەکان دەڕوانێت کە لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە.
ژمارەیەک تەقینەوە لە ساڵی 2013دا بوونە مایەی کوژرانی زیاتر لە 200 کەسی هەزارە لە شارەکەدا.
پاسەوانانی سنور، لەلایەن یاخیبوانی بەلوچیشەوە دەکرێنە ئامانج.
یاخیبوانی بەلوچ داوای خودموختارییەکی زیاتر دەکەن لە پاکستان.