لە کەرکوک 13 پۆلیسی عێراقی دەکوژرێن

13 پۆلیسی عێراقی کوژراون لە ئاکامی ئەو هێرشەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعش کردویەتیە سەر بنکەیەکی پشکنین.

ئەو هێرشەی زوویەکی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناوچەی ڕەشاد، کە نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە خواروی شاری کەرکوکەوەیە، وەک ئەفسەرێکی پۆلیسی عێراقی باسی کردووە، بە ماوەیەکی کەم پاش نیوەشەو دەستیپێکردووە.

ئەو ئەفسەرە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، بنکەیەکی پشکنینیان کردبووە ئامانج و لەو هێرشەشدا 13 کەس کوژراون و 3 کەسیش بریندارن."

سەرچاوەیەکی تەندروستیش لە کەرکوک، زیانە گیانییەکانی پشتڕاست کردۆتەوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە.

داعش لە ساڵی 2014دا دەستیگرت بەسەرڕووبەرێکی بەرفراوانی عێراقدا و دواتر لە ساڵی 2017دا حکومەتی عێراق تێکشکاندن و شکستی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەی ڕاگەیاند، بەڵام داعش شانەی نوستوی هەیە و هێرش دەکەنە سەر هێزە ئاسایشییەکان.

جیهادییەکانی داعش هەمیشە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق دەکەنە ئامانجی خۆیان و ئەم هێرشەی ئەمڕۆش، یەکێک بووە لە خوێناویترین هێرشەکانی ئەمساڵ.