ئەمەریکا ئاگاهیدەدات هاوکاتی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان لە پەنجشێر

چەکدارەکانی تاڵیبان لە پێشڕەویدان بۆ ناو قوڵایی هەرێمی پەنجشێر هاوکاتی ئاگاهیدانەکانی کاربەدەستانی ئەمەریکایی سەبارەت بەوەی ئەفغانستان دەکەوێتە ناو شەڕێکی خوێناوی ناوخۆییەوە کە دەشێت وڵاتەکە بکاتە زەمینەیەکی ڕەخساو بۆ سەرهەڵدانەوەی تێرۆریزم.
دوابەدوای شکستە گەورە و خێراکەی مانگی ڕابردووی لەشکری ئەفغانستان و ئاهەنگێڕانی تاڵیبان پاش کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا پاش 20 ساڵ شەڕ، تاڵیبان لە هەوڵی تێکشکاندنی هێزەکانی بەرگریدایە کە لە دۆڵی پەنجشێر خۆیان جێگیر کردووە.

3 هەفتە لەمەوبەر تاڵیبان دەستیگرتەوە بەسەر ئەفغانستاندا، بەڵام هێشتا حکومەتی بۆ وڵاتەکە پێکنەهێناوە.

مارک میڵی، ژەنەراڵی ئەمەریکایی بە گومانە لەوەی تاڵیبان بتوانێت سەرکەوتوو بێت لە هەوڵەکانی بۆ گۆڕانکاری لە هێزێکی میلیشیاییەوە بۆ هێزێکی حکومەتیی.

ژەنەراڵ مارک دەڵێت "پێموایە هەرهیچ نەبێت شیانێکی زۆر هەیە ئەفغانستان بکەوێتە شەڕێکی فراوانتری ناوخۆییەوە."

لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوس، ژەنەراڵ مارک ئاماژەیشی بەوە کردووە وەک دەڵێت " ئەگەری ئەم شەڕە ناوخۆییە لە ڕاستیدا دەبێتە مایەی گەڕانەوەی ئەلقاعیدە و گەشەکردنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی."

فەرمانڕەوایانی نوێی ئەفغانستان پەیمانیان داوە کە جیاوازبن بە بەراورد لەگەڵ فەرمانڕەوایەتی پێشوویاندا و یەکێکیش لە پەیمانەکانی تاڵیبان بریتییە لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرە لایەن کە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی گەلی ئەفغانستان بکات، هەرچەندە هیچ ئاماژەیەکیش لە ئارادا نییە لە ئاستی باڵادا بەشداری بە ژنان بکرێت لەو حکومەتە نوێیەدا.

بیلال کەریمی، کاربەدەستی تاڵیبان دەڵێت شەڕی قورس لە دۆڵی پەنجشێر هەیە.
هێزە یاخیبووەکانی ئەفغانستان جەخت دەکەنەوە لەوەی تاڵیبان لە دروازەی دۆڵی پەنجشێر ڕاگیراوە، بەڵام شیکەرەوە دەڵێن هێزەکانی یاخیبووانی دژە تاڵیبان لە ڕەوشێکی قورسدان.

ڕێکخراوی فریاگوزاری ئیتالیایی دەڵێت چەکدارەکانی تاڵیبان گەیشتونەتە گوندی ئەنابە لە دۆڵی پەنجشێر. ئەم ڕێکخراوە بنکەیەکی تەندروستی لەو گوندەدا بەڕێوە دەبات.

خەڵکێکی زۆر لە گوندەکانی ئەو ناوچەیەوە ڕایانکردووە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە خێرخوایانەی لەو ناوچەیەدا کار دەکەن.