سەرۆک بایدن بەشداری لە مەڕاسیمەکانی 11ی سەپتێمبەردا دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارە سەردانی هەر سێ شوێنەکەی هێرشە تێرۆرکارییەکەی یازدەی سەپتێمبەر بکات لە هەفتەی ئایندەدا بە مەبەستی ڕێزلێنان و بەرزڕاگرتنی گیانی ئەو نزیکەی 3000 کەسەی لەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا نوسراوە "سەرۆک بایدن لە 20ەمین ساڵیادی ئەو هێرشە خوێناویانەی لەناو خاکی ئەمەریکادا ئەنجامدران، سەردانی شاری نیویۆرک و ستانی پێنسلڤانیا و هەروەها پەنتاگۆنیش دەکات."

سەرۆکی ئەمەریکا، بە یاوەریی جێڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە سەردانی شاری نیویۆرک دەکات.
دووان لەو فڕۆکانەی ڕفێندرابوون، خۆیاندا بە هەردوو باڵەخانەی نێوەندی بازرگانی جیهانیدا و لە ئاکامی ئەو هێرشە 2753 کەس کوژران، دواتریش سەردانی پەنتاگۆن دەکات لە ستانی ڤیرجینیا، کە فڕۆکەی سێهەم خۆی دەدات بە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا و ئەوجاش دەچێتە ناوچەی شانکسڤێڵ لە ستانی پێنسلڤانیا، ئەو ناوچەیەی فڕکەی چوارهەمی لێکەوتە خوارەوە. سەرنشینەکانی ئەو فڕۆکەیە، فڕکەکەیان ناچارکرد بکەوێتە خوارەوە، چونکە بڕوا وەهابوو فڕۆکەکە خۆی بدات بە باڵەخانەی کۆنگرێسدا یان بە کۆشکی سپیدا.

کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و دۆگڵاس ئێمهۆڵڤ، هاوسەری، بۆ بەشداریکردن لە مەڕاسیمێکی تردا، سەردانی شانکسڤێڵ دەکەن و دواتریش پێکەوە دەچنە پەنتاگۆن لەگەڵ سەرۆک بایدندا.

سەرۆک بایدن، ڕۆژی هەینی فرمانیداوە بە وەزارەتی داد، تا پێداچوونەوە بکرێت بە بەڵگەنامەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵیدا (ئێف بی ئای) لەسەر هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سەپتێمبری ساڵی 2001دا بە مەبەستی ئاشکراکردنی ئەو بەڵگەنامانە و بڵاوکردنەوەشیان.