بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی، دەرگای گفتووگۆ و دانوستاندنی بەسەر لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی حیزبەکەی بۆ پێکهاتن و چارەسەرکردنی کێشەکان داخست، دوای ئەوەی لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیا، بەڕوونی پرسی ژەهر خواردکردن و چەند دۆسیەیەکی تری هەستیاری وروژاند.
لە دانیشتنەکەیدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیای کوردی، بافڵ تاڵەبانی بەڕوونی ئاماژەی کرد بەژەهر خواردکردنی و چەند دۆسیەیەکی تری هەستیاری وەکو قاچاخچێتی، سەرانە سەندن لەسەرمایەداران، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لاهور شێخ جەنگی وەڵامی فەرمی نەبووە.
قسە ڕوون و ڕاشکاوەکانی بافڵ تاڵەبانی لەکاتێکدابوو، پێشتر ناوبراو لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا یەکیان بینیبوو، بەشێک لەسەرکردەکانی یەکێتیش ئاماژەیان بە نزیکبوونەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن کردبوو.
غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، کە هەڵوێستەکانی زیاتر لە بافڵ تاڵەبانیەوە نزیکە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کاتێک کێشەکان ڕوویاندا، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بوو لەنێو خۆماندا و نەڕواتە ڕاگەیاندن، بەڵام دیاربوو برادەرانی بەرامبەر، خەڵکیان کۆکردەوە و کێشە دروستبوو."
غازی کەرکوکی، قسەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕاگەیاندنەکان "بەناچاری" وەسفکرد، وتی"کاک لاهور خۆی پێشنیاری کرد، گەر 63 ئەندامی سەرکردایەتی واژۆ بکات، ئەو قەبوڵی دەکات، دواتر پاشگەز بوویەوە."
ئەو سەرکردەیەکی یەکێتی، "خستنەڕووی نهێنیەکان"ی لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە بەکارێکی باش ناوبرد، وتی"تاکەی چاوەڕێ بکەین، خۆ حیزبێک ناکەینە قوربانی چەند هەڤاڵێک، کەهەموویان براو برادەرمانن، ئەوان هەڵەیان کردووە و دەبێت ئەنجام قەبوڵ بکەن."
بەبڕوای غازی کەرکوکی، دەرفەت بۆ دانوستان نەماوە و وەک ئەو دەڵێت"بافڵ تاڵەبانی زۆر ئارامی گرت، لەکاتێکدا ڕۆژانە سوکایەتی بەماڵی مام جەلال و هەموو سەرکرایەتی کراوە، هەموو پەیجە شاراوەکانیان دەناسین، هیچ نەما، پێمان نەکەن، قەبوڵیشمانکرد، تا هاتە سەر ئەوەی خەڵک هانبدەن دەنگ بەیەکێتی نەدات، کەواتە ئەوان لەیەکێتی چوونەتە دەرەوە."
جەختیشیکردەوە"بافڵ تاڵەبانی هیچی تری نەهێشتەوە کە چاوەڕوانی بکرێت، بەناچاری ڕاستیەکانی خستەڕوو، هێشتا کەمیشی وت، شتی زۆر نەوتراو ماوە."
بەڵام شادمان مەلا حەسەن، سەرکردەی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، بەپێویستی دەزانێت حیزبەکەی کێشەکان وەلانێت و خۆی بۆ هەڵبژاردن ڕێکبخاتەوە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە بۆ سەنگی یەکێتی گرنگە، دەڵێت"سیاسیەک کە قسە دەکات، ناکرێت تا سەر لەسەر هەمان ڕیتم بڕوات، چونکە بارودۆخ گۆڕانکاری بەسەر بابەتەکاندا دەهێنێت، ڕەنگە قسەکانی کاک بافڵ، بەشێکی هەڵچوون بێت، یان پێیوابێت سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، بەڵامڕەنگە لەداهاتوودا و بەهۆی فشار و واقیعی یەکێتیەوە، پاشگەز ببێتەوە، باشترە بەشێوەیەکی تر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات."
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەسەلەی هەڕەشەکردن لە شادمان مەلا حەسەن لەلایەن چەند سەرکردە و ئەندام مەکتەب سیاسیەکی یەکێتیەوە بووە باس و خواسی میدیا، لەو بارەیەوە شادمان مەلا حەسەن ئاشکرایکرد، نوێنەر نێردراوەتە لای و هەڕەشەی بۆ نێردراوە، لەکاتێکدا مەکتەبی سیاسیشی لەهەولێر بەجێهێشتووە، هێزی بۆ نێردراوە، وتی"زۆر گرنگیم بەهەڕەشەکە نەدا، چونکە بەسەر خۆیاندا شکایەوە، ئەوان زمانی گفتووگۆ نازانن، هەڕەشە و ناردنی هێز، لەهیچ جێگەیەک ئەنجامی نەبووە."
لەبەرامبەردا، غازی کەرکوکی ڕەتیکردەوە هەڕەشە لە شادمان مەلا حەسەن کرابێت، وتی"ڕۆژانە سوکایەتی بە بافڵ تاڵەبانی و ماڵ مام جەلال دەکرێت، یەک کەس نیە، بڵێت: هەڕەشەم لێکراوە، چونکە ئێمە فێری ڕەخنە قەبوڵکردن بووین."
وتیشی"بە شادمان مەلا حەسەن وتراوە، تۆ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیت، وەرە بەشدار بە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، نەک هەڕەشەی لێکرابێت، شادمان بەناڕاستەوخۆ و بەقەڵەمەکەی شت دەنوسێت، لەکاتێکدا خەڵک هەیە بەڕاستەوخۆ و بەناوی خۆیەوە جنێومان پێدەدات، ئاسایشە لامان."
غازی کەرکوکی، جەختیشیکردەوە"ڕۆژانە دەیان جنێو و هەڕەشەمان لەلایەن پەیج و خەڵکی شاراوەوە بۆ دێت، بەڵام گوێمان لێی نیە، چونکە وەک مام جەلال وتی، گورگمان زۆر دی و لێی نەترساین."
سەبارەت بە کاریگەری کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی لەسەر پێگەی ئەو حیزبە، لای خۆشیەوە حامیدی حاجی غالی سەرکردەی دیاری یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کێشەکان تا دوای هەڵبژاردن کاریگەرییان نابێت، گەر کورسی باش بهێنین ئاساییە، گەر کورسی باشیش نەهێنین، ئەو خراپە بۆ یەکێتی."
زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە؛
Your browser doesn’t support HTML5