ژیان لە فەرهەنگدا: تارا ئەمین

هونەری شێوەکاری و بەتایبەتیش تابلۆکان بەشێکن لە دنیای ئێمە و دەکرێت بڵێم ڕۆژانە سەرنجمان دەکەوێتە سەر ڕەنگەکان و لەوانەشە لە هەندێک باردا بشکەوینە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو ڕەنگانەی لە بری ئێمە لەگەڵ دەوروبەرماندا دەدوێن.


زۆرێک لە هونەرمەندانی شێوەکار و تەنانەت ڕەخنەگرانیش بڕوایەکی زۆریان هەیە بەوەی تێگەیشتن لە تابلۆکان و قاڵبوونەوە لە ڕەنگەکاندا و خوێندنەوەی هزری هونەرمەندیش، پێویستی بە چەندان جۆری زانیارییە و هەر هەموو ئەو زانیاریانەش دەچنە خانەی ڕۆشنبیریی هونەرییەوە تا بتوانرێت خوێندنەوەیەکی ڕاست و دروست بکرێت بۆ هونەر و بۆ جوانکارییەکانیش.


بە دڵنیاییشەوە ئەو خوێندنەوە بابەتیانەی بینەرانی تابلۆ و لێکدانەوە ڕەخنەییەکان دەبنە بڕیاردەری یەکەم بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی هونەرمەند و هونەرەکەیشی.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕێبازە هونەرییەکان زۆرن، هەریەکەیان زادەی سەروەختی خۆیەتی و دەربڕینە بۆ ئەو مێژووەی تیایدا بووە، وەلێ زۆربەیان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو تابلۆیانەی ڕەهەندە ئیستاتیکاییەکەی و فەلسەفە (وەک بیرکردنەوە) دەبەستێتەوە بە خەون و مەراقی مرۆڤەوە، دەرفەتی زیاتری ژیانی پێدەبەخشرێت، ئەڵبەت ئەو تابلۆیانە پڕن لە مانا مرۆییەکان کە هاوسەنگییەک لە هاوکێشە قورس و ئاڵۆزەکەی نێوان شێوە و ناوەڕۆکدا دروست دەکات، هاوسەنگییەک لەسەر بنچینەی هزر و قوڵیی مانا لە سەروەختە جیاوازەکانماندا.

پۆرترێتی ژەنەراڵی پایز

تارا موحەمەد ئەمین، یەکێکە لەو هونەرمەندە دیارانەی تابلۆکانی پڕن لە ڕەنگ و یادەوەری و مەراقەکانی دنیای ئێمە؛ ئەم هونەرمەندەمان دەخوازێت بە ڕەنگ لەگەڵماندا بدوێت، مێژووی کەوتن و هەڵسانەوە و هەڵکشان و داکشانەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، جیاواز لە هەموو گێڕانەوەکانی تر.

تارا ئەمین، لە چاوی کاراکتەرێکی تابلۆیەکیەوە، ڕەنگ دەکاتە دەنگ، بە ڕەنگ پێمان دەڵێت "ئەها ژیانی ئێمە بۆ بژێوی چەند سەختە."
تارا ژیانی خۆی تێکەڵ بە ڕەنگ دەکات و ئامانجەکەیشی هەر ئەوەندە نییە تابلۆیەک بکێشێت و سەرنجی بینەر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، نا، تارا دەخوازێت لە ڕێی ڕەنگەوە خەونە جوانەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ خەونی ڕۆژئاوادا پێک ئاشنا بکات و دەخوازێت لە ڕێی هونەرەکەیەوە، کلتورەکان یەک بناسن و هەناسەیەکیش بێنێتەوە بە بەر ئاشتەوایی مرۆڤەکاندا لە جیهاندا.

لە هەندەران هونەرمەندی شێوەکارمان زۆرن، ژمارەیەکیان هەنگاوی گەورەیان بڕیوە و بوونەتە ناوێکی گەورەی هونەریی لەو وڵاتانەی تیایدا دەژین، بەڵام ئایا بوونەتە هونەرمەندی جیهانیی؟

کارە هونەرییەکان لە شێوەکارییدا تا ببێتە خاوەنی تایبەتمەندێتی و داهێنانیش، ئەوا پێویستی بە هزر و قوڵبوونەوە هەیە، هەروەهاش پێویستی بە جۆرێک لە تەکنیک هەیە بۆ کارکردن لەسەر ئیستاتیکا، چەندێک ئەمە لە هونەری شێوەکاری کوردیدا بوونی هەیە؟

ئایا تارا ئەمین، چەندێک بڕوای بە خوێندنەوەی ڕەخنەیی یان لێکۆڵینەوەکان هەیە لەسەر هونەری شێوەکاریی، ئایا چەندێک پێی وەهایەڕەخنە ببێتە بەشێک لە بەرەوپێشچوونی هونەرمەند؟

تارا موحەمەد ئەمین، هونەرمەندی شێوەکار، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: تارا ئەمین