وردەکاری جموجۆڵی داعش لە پارێزگاکانی عێراق

بەهۆی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر هێزە عێراقیەکان، 13 سەربازی عێراقی کوژران و 8 سەربازی تریش برینداربوون، کە چەکدارانی سەربەو ڕێکخراوە، هێرشەکانیان لە ڕۆژاوای کەرکوک و سنوری مەخمور ئەنجامداوە، لەزۆربەی ناوچەکانیش، هێزە عێراقیەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.

هێرشەکانی شەوی ڕابردووی داعش لەکاتێکدایە، پێشتر هێزە عێراقیەکان چەندین ئۆپەراسیۆنیان لەو ناوچانە ئەنجامداوە و لەحاڵەتی ئامادەباشیشدا بوون، بەو پێیەی دەزگا هەواڵگیریەکانی حکومەتی عێراق، زانیاریان لەسەر چڕکردنەوەی هێرشەکان هەبووە، بەهۆی نزیکی وادەی هەڵبژاردنەوە.

داعش هێرشەکانی شەوی ڕابردووی بە پەلاماردانی خاڵێکی سەربازی لەگوندی سەتیح ی سەربە ناحیەی ڕەشاد دەستپێکردووە، سەرەتا دوو سەربازی عێراقیان کوشتووە، دواتر بۆمبی چێنراویان بۆ ئەو هێزانە داناوە کە چوون بە هانای خاڵە سەربازیەکەوە، بەو هۆیەوە ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە 13 سەرباز و 8 بریندار.

نازم کەهیە ئەندامی ئەنجومەنی ناحیەی تازەی باشوری کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"جم و جۆڵی داعش زۆر زیادیکردووە، چەکداری زیاتریش لە گوندەکان دەبینرێن."

بەچەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی ڕۆژاوای کەرکوک، داعش لەسنوری مەخموریش پەلاماری هێزە عێراقیەکانی داوە و بەو هۆیەوە، چەند سەربازێک کوژران و برینداربوون، بەرپرسانی سوپای عێراقیش پێشبینی هێرشی زیاتری چەکدارانی سەربەو ڕێکخراوە دەکەن.

پۆلیسی فیدراڵیش لەبەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەمە بڵاویکردەوە، داعش هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان لەسنوری ناحیەی ڕشاد و "ژمارەیەک شەهید و برینداریان هەیە" بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەڵاحەدین کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"فەرمان لەلایەن والی عێراقی داعشەوە بۆ چەکدارەکان نێردراوە، لەسەروبەندی نزیکبوونەوەدا لەهەڵبژاردن، هێرشەکانیان چڕبکەنەوە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش، دوو چەکداری داعش کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە و پێش خۆراوابوون، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای خورماتووەوە بەرەو گوندی ئەلیاسات ی سەربە ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە پەڕیونەتەوە، کەوتوونەتە بۆسەی هێزە عێراقیەکانەوە.

سەرچاوەکە، وتی"یەکێک لەچەکدارەکان هەڵاتووە، بەڵام چەکدارەکەی تر دەستگیرکراوە، دواتر دەرکەوتووە، دەستگیرکراوەکە، خەیروڵا عەلی ناسراو بە ئەبوئیسلامە، لەبنەڕەتدا خەڵکی ئەنبارە و پسپۆری بواری تەقینەوەیە و تازە لەسوریاوە بۆ عێراق گەڕاوەتەوە."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، داعش هێزەکانی بەناوچەکاندا بڵاوەپێکردووە، هەر ناوچە و چەند مەفرەزەیەک چەکداری بۆ ناردووە، هەر مەفرەزەیەکیش، لەسێ بۆ چوار چەکدار پێکدێت.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەشدەکەن، لەقۆڵی هێزە کوردیەکانەوە و بەتایبەت لەسنوری ناوچەی غەڕە و پەڵکانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی خورماتوو، کە بەپێگەیەکی گرنگی داعش دادەنرێت، داعش جم و جۆڵێکی ئەوتۆی نیە، گومان دەکرێت ڕێنماییان بۆ هاتبێت، ئەو ناوچەیە وەکو شوێنی پشوودان و دابەشکردنی هێز بەکاربهێنن.

لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش بەڕێنمایی کاردەکات، ناوبەناو لەغەڕەو پەڵکانە هێرش دەکات، ناوبەناویش بێدەنگە و ناوچەکە دەکاتە شوێنی حەوانەوە."

زیادبوونی ژمارەی چەکدارەکانی داعش، کە بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک، ژمارەی چەکدارەکانی داعش لەپارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین بە 150 بۆ 250 چەکدار مەزەندە دەکات، لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی عێراق، ئاماژەبە ئاڵوگۆڕکردنی هێز لەنێوان سوریا و عێراق دا دەکەن.

بەڵام نازم کەهیە ئەندامی ئەنجومەنی ناحیەی تازە خورماتوو، ئاماژەی بەوەکرد زیادبوونی ژمارەی چەکدارەکانی داعش، پەیوەندی بە بێ ئیش و کاری و نەبوونی کەسابەتەوە هەیە لەگوندە عەرەب نیشینەکان، ئەمەش وایکردووە، هەندێکیان بچنە پاڵ داعش.

دڵشاد ئەنوەر
پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا