دادگای بیلاروس بڕیاری زیندانیکردنی ماریا کالیسینیکاڤا دەدات

دادگایەک لە بێلاروس سزای زیندانیکردنی داوە بەسەر ماریا کالیسنیکاڤا، کەسایەتی سەرەکی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە، کە ڕێبەرایەتی خۆپیشاندانە بەرفراوانە جەماوەرییەکەی ساڵی پاری دەکرد دژ بە ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ.

دادگا سزای 11 ساڵ زیندانیکردنی داوە بەسەر ئەم ڕێبەرەی ئۆپزسیۆنی بێلاروسدا لەسەر بنچینەی ئەو تاوانەی لە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە ڕووبەڕووی کرابووەوە.

دادگا بڕیاری 10 ساڵ زیندانیکردنیشی داوە بەسەر مەکسیم زناک، پارێزەرەکەی کالیسنیکاڤا، بە تاوانی ئەو کارە میدیاییانەی بۆ ڤیکتۆر باباریکۆ، کاندیدی پێشووی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کردووە و کالیسنیکاڤاش بەڕێوەبەری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بوو.

ماریا کالیسینیکاڤا، تەنها ڕێبەرێکی سەرەکی خۆپیشاندانە بێپێشینەکانی ساڵی پارە کە هێشتا لە بێلاروسە و یەک ساڵە لە گرتوخانەیە، پاش ئەوەی بەرەنگاری بەزۆر چوونەدەرەوەی کرد لەڕێی دڕاندنی پاسپۆرتەکەیەوە.

ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ، لە ساڵی 1994ەوە لە دەسەڵاتدایە، لە ساڵی پاردا دەستیکرد بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی لوکاشینکۆ هاتە ئاراوە لە هەڵبژاردنە مشتومڕ لەسەرەکەی سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا.

لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا کە لە میدیای ڕوسیادا بڵاوکراوەتەوە، کالیسنیکاڤا بە کەلەپچەکراوی دەردەکەوێت، بە دەستی نیشانەی دڵ دروست دەکات، هەمان ئەو نیشانەیەی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بەردەوام دەیکرد.

ماریا کالیسنیکاڤا، تەمەن 39 ساڵ، ئەندامی پێشووی تیمی ئۆرکسترای وڵاتەکە بووە و ئامێری فلوتی زەنیوە، بووە سیمبۆلی شەپۆلی ناڕەزایی لە بیلاروس.

کالیسنیکاڤا لە مانگی 9ی ڕابردوودا دەستگیرکرا، پاش ئەوەی کارمەندانی دەزگای موخابەراتی ڕوسیا تورەکەیەیکیان کرد بە سەریدا و بردیان بۆ سنوری ئۆکرانیا، بەڵام بەرەنگاری ئەو دەستگیرکردنە بووەوە، وەک دەگوترێت خۆی ڕادەپسکێنێت و لە ماشێنەکە خۆی هەڵدەداتە خوارەوە.