موستەفا ئەلکازمی لە تارانە

سەرەک وەزیری عێراق لەگەڵ سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆدەبێتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر هاوکاری و پەیوەندی ئابوری نێوان هەردوو وڵات.

ئەم سەردانەی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق بۆ تاران، یەکەمین سەردانی ڕێبەرێکی بیانییە بۆ ئێران لەوەتای ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی توندڕەوی ئێران پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەی گرتۆتە دەست.

ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا دەڵێت "لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پرسی بەرژەوەندی دوو لایەنە و هەروەها بەرژەوەندییە نێونەتەوەییەکانیش کراون."

دوابەدوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی عێراق و سەرۆکی ئێران، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیشیان کرد.

عێراق لە ماوەیەک لەمەوبەرەوە دەستیکردووە بە ناوبژیکردن لە نێوان و تاران و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیدا.
لە مانگی 4ی ڕابردووەوە بەغدا وتووێژی ڕەخساندووە بە مەبەستی هێورکردنەوەی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینی عەرەبستانی سعودیە؛ دوو ڕکابەرە سەرسەختەکەی ناوچەکە.

بەر لە سەردانەکەی بۆ تاران، کاربەدەستێکی عێراقی ئاماژەی بەوەش کردبوو کە سەرەک وەزیری عێراق دۆسێی هاوکاریکردن لە بواری وزەدا لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانیدا باس دەکات و هەروەهاش پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز بەشێکی وتووێژەکانی موستەفا ئەلکازمی دەبن لە تاران.

یەکێک لە تەوەرەکانی تری وتووێژەکانی نێوان بەغدا و تاران ئەو قەرزەیە لەسەر عێراقە تا بیداتەوە بە ئێران و بڕی 6 ملیار دۆلارە.
عێراق یەک لەسەر سێی وزەی ئەلیکتریکی و هەروەها گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات.

لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا ئێران بۆ چەند ڕۆژێک گاز و وزەی ئەلیکتریکی لە عێراق بڕی بەهۆی نەدانەوەی قەرزەکانەوە.

لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئەلکازمی و ڕەئیسیدا باسیش لە دۆسێی ڤیزا وەرگرتن کراوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا و سەرۆکی ئێران لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد کە چییدی ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵاتدا نامێنێت و دەشڵێت "ڤیزای گەشکردن لە نێوان تاران و بەغدادا هەڵدەگیرێت."