ئۆن سان سوچی، ڕێبەری لەکارخراوی میانمار نەیتوانیوە ئامادەبێت بۆ دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی دادگا لەبەر هۆکاری تەندروستی.
ئەندامێکی تیمی یاسایی سان سوچی دەڵێت، سەری گێژ دەخوات کاتێک دەجوڵێت.
لەوەتای کودەتا لەشکرییەکەی ڕۆژی 1ی مانگی 2ەوە، ئۆن سان سوچی، تەمەن 76 ساڵ لەسەر بنچینەی ژمارەیەک گوناهبارکردن دەستگیرکراوە و پارێزەرەکەیشی دەڵێت توشی کۆرۆنا نەبووە بەڵام گێژ بووە چونکە ماوەیەکی درێژە بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆی نەکردووە.
سان سوچی، خاوەن خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ، نزیکەی15 ساڵی ئەم 30 ساڵەی ڕابردووی تەمەنی، بە جۆرەکانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن بەسەر بردووە بەهۆی ئەو خەباتە بێ توندوتیژیانەی دژ بە دیکتاتۆری دەیکردن و بەردەوامیش چاودێری تەندروستی هەبووە بۆی.
مین مین سۆی، پارێزەری خانم سان سوچی بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "نەخۆشکەوتنی ئۆن سان سوچی، شتێکی مەترسیدار نییە، لە ئۆتۆمبێلدا دڵی تێکهەڵدێت و ناتوانێت خۆی بخاتە ئەو ڕەوشەوە و تەنها ئەوەیە کە ویستویەتی بڕێک پشو بدات."
تەنها ڕێگەیەکی پەیوەندیکردنی ئۆن سان سوچی بە دەرەوە لە ڕێی تیمی پارێزەرەکانیەوەیەتی و ئەندامانی ئەم تیمەش دەڵێن دەستڕاگەیشتنیان بە سان سوچی سنوردارە و لەژێر چاودێری دەسەڵاتدارانیشدایە.
ئۆن سان سوچی، لە شاری نایپییتو پایتەختی میانمار دادگایی دەکرێت بە تاوانەکانی هاوردەکردنی نایاسایی و هەبوونی ئامێرەکانی بێتەلی "هۆکی تۆکی" وپێشێلکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا. ئەمانە بێ لەوەی گوناهباریش کراوە بە وەرگرتنی بەرتیلی گەورە و هەروەهاش پیشێلکردنی نهێنییە فەرمییەکان لە دۆسێیەکی تردا، کە لەوانەیە سزاکەی تا 14 ساڵ زیندانیکردن بێت.
پارێزەرەکانی سان سوچی نکوڵی دەکەن لە گوناهبارکردنانە.