دەسەڵاتدارانی وڵاتی جەزایر ڕۆژنامەوانێکیان دەستگیرکردووە لە ڕۆژنامەیەکی خۆجێیی کە بە زمانی فەڕەنسایی بڵاودەکرێتەوە و ماڵەکەیشیان پشکنیوە، بەپێی لێدوانی ئەمڕۆ دووشەممەی یەکێک لە هاوکارەکانی.
کۆمکاری جەزایر بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک نوسیویە "موحەمەد مۆولودی، ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی لیبیرەیت دەیلی، ڕۆژی یەکشەممە دەستگیرکراوە و ماڵەکەیشی پشکنراوە و تا ئەمڕۆش دووشەممە لە گرتوخانە هێڵراوەتەوە."
ڕۆژنامەکەی مۆولودی، کە 10 ساڵە کاری تیادا دەکات، هیچ سەرنجێکی نەداوە بەڵام یەکێک لە هاوکارەکانی، دەستگیرکردنەکەی پشتڕاست کردۆتەوە.
عەلی بوخلیفە دەڵێت "چەند جارێک هاوکارەکەی گرفتی هەبووە لەگەڵ دەزگا ئاسایشییەکاندا و کارمەندانی ئاسایش پەساپۆرتەکەیان لێستاندوە و هەروەها چەندجارێکیش لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە."
ڕۆژنامەوانێکی تری جەزایری، حەسەن بوڕاس، هەفتەیەک پێشتر دەستگیرکرابوو، ڕۆژی یەکشەممە بە فەرمی خرابووە گرتوخانە و بە "ستایشکردنی تێرۆریزم" گوناهبار کراوە.
وڵاتی جەزایر لە ڕیزبەندی 146ەمدایە لەو لیستی 180 وڵات و هەرێمانەی ناویان لەو ڕیزبەندیەی پەیامنێرانی بێسنوردا هاتووە بۆ ئازادی ڕاگەیاندن.
بەپێی ڕێکخراوی مافی زیندانییەکان، نزیکەی 200 کەس لە زیندانن بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بزوتنەوەی لایەنگری دیموکراسیدا کە لە ساڵی 2019وە ناوبەناو ئەو وڵاتەی باکوری ئافریکای هەژاندووە، ئەمە بێ لەوەی هەندێک جار دەستگیرکردنەکان پەیوەندییان بە ئازادییەکانی تاکە کەسەوە هەیە.