دکتۆر سدیق عومەر: گەر کورد یەکبایە لە کەرکوک، دەمانتوانی شەڕی 8 کورسی بکەین

کاندیدێکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە کەرکوک، کە هاوپەیمانێتیەکە لەلایەن یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێکهێنراوە ڕایدەگەیەنێت، گەر هێزە کوردیەکان بە یەک لیستی و یەک دەنگی بەشداری هەڵبژاردنیان کردبا لەکەرکوک، شەڕی بەدەستهێنانی 8 کورسیان دەکرد، بەڵام ئێستا چاویان لەسەر بردنەوەی 6 کورسی یە، لە 12 کورسیەکەی کەرکوک.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سدیق عومەر دەڵێت "وەکو یەکێتی و گۆڕان، پێشبینی بردنەوەی 6 کورسی لە کەرکوک دەکەین و شەڕی بەدەستهێنانی کورسی حەوتهەمیش دەکەین."

ڕوونیشیکردەوە، خەڵکانێک بانگەشەی دەنگ نەدانی خەڵک دەکەن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، بەڵام هەستی نەتەوایەتی کەرکوکیەکان پاڵنەرە بۆ دەنگدانیان، چونکە ڕازی نابن شارەکەیان، لەلایەن پێکهاتەیەکی دیاریکراوەوە بەڕێوەببرێت، دەیانەوێت بەهێزی کورسی پەرلەمانی، سەقامگیری و حوکمێکی دادپەروەرانە بۆ کەرکوک بگێڕنەوە.

کاندیدەکەی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی، بەپێویستی دەزانێت کورد سود لە ئەزموونی حوکمڕانی پێشوی لە کەرکوک وەربگرێت و بەشێوەیەکی تر لە حوکمڕانی بڕوانێت، وتی "لەڕێگەی بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگارەوە، دەتوانین سەقامگیری بۆ کەرکوک بگێڕینەوە، دەبێت برا گەورەیی بنوێنین، تا پێکهاتەکانی تریش بێنە ژێر ساباتی کوردەوە."

دکتۆر سدیق عومەر، پەرتەوازەیی و بەجیا بەشداریکردنی هێزە کوردیەکانی لەکەرکوک بەکارێکی نادروست وەسفکرد، جەختیکردەوە "گەر کورد یەکڕەنگ و یەکدەنگ بایە، شەڕمان لەسەر بەدەستهێنانی 8 کورسی دەکرد لەبری 6 کورسی، چونکە پێکهاتەیەکی ناو کەرکوک وەزعی باش نیە، لە حەویجە عەرەبی 3 کورسی دەبات، بەڵام لە 4 کورسیەکەی بازنەی دووی ناو شاری کەرکوک، گەر یەک باین، ڕەنگە 3 کورسیمان ببردایە."

دەربارەی بازنەی دووی هەڵبژاردن لە کەرکوک، کە 4 کورسی بۆ دانراوە و قورسایی ململانێی سێ پێکهاتەکەی دەکەوێتە سەر، دکتۆر سدیق عومەر پێشبینیکرد کورد 2 کورسی لەو 4 کورسیە ببات، 2 کورسیەکەی تریش بۆ تورکمان بێت، وەکئەو دەڵێت"هەڵبژاردن تاقیکردنەوەیە، وەکو تونێل وایە، دەچیتە نێو تونێلەکە، نازانیت ئەوسەری تونێلەکە چییە."

شاری کەرکوک کراوەتە سێ بازنەی هەڵبژاردنەوە، بازنەی یەکەم، ناوچە کوردنیشینەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی شارەکە دەگرێتەوە و 5 کورسی بۆ دانراوە، بازنەی دووەم، ناو شاری کەرکوک و باشووری شارەکە دەگرێتەوە و 4 کورسی بۆ دانراوە، بەڵام بازنەی سێ یەم، ناوچە عەرەب نیشینەکانی حەویجە و ڕۆژاوای کەرکوک دەگرێتەوە و 3 کورسی بۆ دانراوە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر


.