بەهۆی کێشەیەکی نێوان دوو بنەماڵە لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر چوار کەس کوژران و چواری تریش برینداربوون بەپێی کەسو کاری ئەو کوژراو و بریندارانە و برینی یەکێک لەو بریندارانەش سەختە، سەبارەت بەو ڕووداوە کوێستان ئەحمەد قایمقامی قەزای خەبات بە دەنگی ئەمەریکای وت " کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوو لە نێوان دوو بنەماڵە ئەوەی کە بکوژەکە بووە دەستگیرکراوە و کێشەکەش ئێستا دراوەتە یاسا و ڕەوشەکە ئارامە تا یاساش ئیشی خۆی دەکات، هەموو هەوڵێکمان داوە لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش چونکە یاساییەوە پۆلیس زیاتر بە کارەکان هەڵدەستێت و ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە، تەنها هێزی خۆمان لەوێ ماون بۆ ئەمنیەتی ناوچەکە".
سەڵاح ساڵەح ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیەی کە کێشەیان هەیە بە دەنگی ئەمەریکای وت" سێ کەسمان لێ کوژراوە و دووی تریش بریندارن و یەکێک لە بریندارەکانیش ڕەوشی خراپە، کێشەکە هی ئێمە نەبوو بەڵکو هی کرێکارێکی ئێمە بوو دەمەقاڵیەکە دروستبوو، داوای ئێمە ئەوەیە ئێستا تاوانبارێک گیراوە و بریندارە ئەو بنەماڵەیە لێرە نەمێنێت، حکومەتیش هاتووەتە سەر خەت بەڵام چی لەوە بکەم کە هاتووەتە سەر خەت حکومەت بەرگری لەئێمەی نەکردووە کە زوڵملێکراوین ".
عەزیز خەیلانی لە بنەماڵەکەی تر کە کێشەیان لە نێوان دروست بووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە هەر سەبارەت بەو ڕووداوە بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئێمە پێکەوە ژیاوین و هەموو شتمان هەر پێکەوە بووە ئەمە شەڕە عەشیرەت نییە بەڵکو دوو بنەماڵەن کە ئەو کارەیان کردووە ئێستاش حکومەت و یاسا هەیە هەر بڕیارێک دەدات ئێمە جێبەجێی دەکەین و یاسا سەروەرە، کێشەکە ئەوە بووە لە دوکان شەڕیان کردووە".
لە لایەکی ترەوە ئەرشەد شوان مامۆستای زانکۆ و دانیشتووی قەزای خەبات سەبارەت بە بارۆدوخی ناوچەکەیان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو دوو لایەنە چەکداریان کۆکردووەتەوە و هەموو کاتێک مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەیان هەیە پێویستە بنەماڵەیەک لەو سنورە نەمێنێت تا چارەسەری کێشەکە دەکرێت، بۆیە پێویستە حکومەت تاوانباران دەستگیر بکات و ڕادەستی دادگایان بکات، خەڵکی سنوری خەبات بەردەوام لەدلەڕاوکێدان و دەنگی هەر تەقەیەک بێت دەڵێن ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا".
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا گووتی" ئەو ڕووداوەی قەزای خەبات بۆ خەڵکی ڕوون دەکەینەوە کە ئەو بابەتە پەیوەندی بە هیچ عەشیرەتێکەوە نییە وەکو باس دەکرێت کە ئەوە کێشەی عەشیرەتی گۆران و خەیلانیە ئێمە لە لایەن خەڵکی ئەو عەشیرەتەوە دڵنیاکراوینەتەوە ئێمەش وەکو حکومەت پێمان راگەیاندوون ئەو بابەتە کێشەی دوو عەشیرەت نییە بەڵکو کێشەی دوو ماڵە و بەهیچ جۆرێک ڕێگەپێدراو نییە پەلبهاوێژرێت بۆ ئەوەی کە بابەتی نەخوازراوی لێ دروست بێت بۆیە هێزەکانی ئاسایش و زێرەڤانی و پێشمەرگە و پۆلیس پاسەوانی ئەوە دەکەن کە ئەو بابەتە تەشەنە نەکات، یاسا سەروەرە و لەڕێگەی یاساوە ئەو کەسانەی کە ئەو کارەیان کردووە و تاوانبارن، بەداخەوە لە هەردوو ماڵبات خەڵک بووەتە قوربانی و خەڵکێکیش بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانە دەست بەسەرە و ئەوانەشی کە بەشداربوونە لەو شەڕە ئیجرائاتی یاساییان بەرامبەر وەردەگرێت و بەهیچ جۆرێک لە هیچ کەسێک سازش ناکرێت و دەبێت لەبەردەمی دادگا و یاسادا ئەو کەسانەی کە ئەو کارەیان کردووە سزای یاسایی بدرێن".
Your browser doesn’t support HTML5