هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت هێرشێکی تورکیایان لە عەین عیسا تێكشکاندووە

هێزەکانه سوریای دیموکراتیک هەسەدە رۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە هێزەکانیان وەڵامی هێرشێکی تورکیایان لە ناوچەی عەین عیسا داوەتەوەو هێرشەکەیان تێکشکاندووە.

بە پێی ڕاگەیاندنەکەی هەسەدە ئێوارەی چوارشەممە بڵاو کراوەتەوە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هێرشێکی زەمینی و بۆردومانیان لەسەر ڕێگای ـ 4M و گوندی ئوم دبس لە ڕۆژئاوای عەین عیسا دەستپێکرد.

هێرشەکەی گروپی جەیس ئەلوەتەنی بە پشتیوانی تۆپەکانی لەلایەن تورکیاوە دەهاوێژران ئەنجام دراوە و ئەو کۆمەڵە چەکدارەی سەر بە تورکیا تانک و چەکی قورسیشیان بەکار هێناوە. بەپێی زانیارییەکانی هەسەدە، لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا هاوڵاتییەکی سڤیل کوژراوە و 4 کەسیش بریندار بوون.

لە لایەکی ترەوە بەپێی هەمان سەرچاوە کە دەڵێت هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە، دەیان چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون.


ئارام هینا، وتەبێژی هەسەدە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بۆردومانی تورکیا لەسەر گوندی ئوم دبس بەردەوامە " لە هەفتەی ڕابردوو ئاستی ‌هێرشەکانی تورکیا لەسەر ناوچەکانمان بەرز بوو. بە تایبەتی هەتا 22 ی مانگ لە ناوچەکانی مەنبج، عەین عیسا و تەل تەمر. دوێنێ ئێوارە لەشکری تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەوان هێرشێکیان کردە سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەین عیسا و ڕێگەی نێودەوڵەتی M4و گوندی دبس. هێزەکانمان هێرشەکەیان تێکشکاند و دەیان لە هێرشبەرەکان کوژران. بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا کەسێکی سڤیل کوژروەو چوار کەسی تریش بریندار بوون و هەروەها چەکدارەکان ماڵی هاووڵاتییەکیان دزیوەو 100 سەرمەڕیان بردووە بەر لەوەی دوای هێرشەکانی ئێمە بکشێنەوە."

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش تۆپبارانی ناوچەکە بەردەوامە، لە کاتێکدا هەسەدە ژمارەیەک لە هێزەکانی خۆی بۆ عەین عیسا ناردووە.

لەلایەکی ترەوە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە حەسەکەدوو چەکداری داعشی دەستگیر کرد.

Your browser doesn’t support HTML5

زانا عومەر