لایەنە شیعەکان، هەوڵەکانیان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق دەستپێکردووە، لەکاتێکدا لایەنە کوردیەکان دژی ئەو هەوڵانەن و پێیانوایە ئامانج لە دەستبردن بۆ دەستور، کەمکردنەوەی مافە دەستوریەکانی هەرێم و زیان گەیاندنە بە سستمی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراق دا.
بەپێی دەستوری عێراق، سستمی حوکمڕانی لە وڵاتدا فیدراڵیە، بەڵام جگە لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 1991 ەوە، وەکو قەوارەیەکی سیاسی دروستبووە، تا ئێستا هیچ هەرێمێکی تر لەچوارچێوەی عێراق دا خۆی ڕانەگەیاندووە، لەکاتێکدا دروستبوونی هەرێمی تر، خواستی کوردە و بەلای هێزە شیعە حوکمڕانەکانیشەوە قەبوڵ نەکراوە.
لایەنە کوردیەکان، دەستبردن بۆ هەموارکردنەوەی دەستور، بەهەوڵێک لێکدەدەنەوە بۆ زیان گەیاندن بە سستمی فیدراڵی و بەهێزکردنی حکومەتی ناوەندی لەسەر حسابی هەرێم، لەکاتێکدا لایەنە شیعەکان و هەندێک لە سونەکانی عێراقیش، تێبینیان لەسەر دەستور هەیە و بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ هەموارکردنەوەی.
دکتۆر مەحمود عوسمانی سیاسەتمەداری کورد کە لەنوسینەوەی دەستوری عێراق دا ڕۆڵی هەبووە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کاتێک دەستور پەسەندکرا، شیعەکان نیگەرانبوون، سونەکانیش تێبینیان هەبوو، بەتایبەت بڕگەیەکی تێدایە، بەپێی ئەو بڕگەیە،دوو لەسەر سێی دەنگی سێ پارێزگا دەتوانن یاسایەک ڕەتبکەنەوە، کە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە."
جەختیشیکردەوە"لایەنە عێراقیەکان دژی فیدراڵین و حوکمێکی ناوەندی بەهێزیان دەوێت."
گەورەترین مەترسی هێزە کوردیەکان، کارکردنی لایەنە شیعەکان و هەموارکردنەوەی دەستورە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، بەتایبەت لە غیابی هێزەکانی هاوپەیمانان و بە پشتگیری هێزە ئیقلیمیەکان، هەر دەستبردنێکیش بۆ دەستور، بەهەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم لێکدەدەنەوە.
لە گفتووگۆیەکیشدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس، کە پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە گفتووگۆکەدا بەشداربوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان، ترسی خۆی لەهەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستور نەشاردەوە، وتی"گەر بە یەکدەنگی نەچینە بەغدا، هەوڵی گۆڕینی دەستور دەدرێت، دەبێت یەکدەنگ بین، تا ڕووبەڕووی هەوڵەکان ببینەوە."
ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی عێراقیش ئاماژەبەوەدەکات، لایەنە عێراقیەکان تەماعی گۆڕینی دەستوریان لا دروستبووە، دەیانەوێت دەستور بەشێوەیەک هەموار بکرێتەوە، خزمەت بە بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی بکات، یاخود بە ئاراستەیەکی بەرن، ڕەگەزەکانی دەوڵەتی مەزهەبی تێدا بەهێز ببێت.
ئەمین بەکر وتی" لایەنە عێراقیەکان پێداگرن لەسەر هەموارکردنەوەی دەستور، چونکە خراپی دۆخی عێراق بۆ کەم و کوڕی لەدەستوردا دەگێڕنەوە، ئەوان هەوڵی زۆریان هەیە و بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن، ڕەنگە کشانەوەی ئەمەریکا ئەو دەرفەتەیان زیاتر بۆ بڕەخسێنێت."
ڕێوشوێنەکانی هەموارکردنەوەی دەستور ئاسان نیە، بەتایبەت بەپێی دەستوری عێراق، دەنگدەرانی سێ پارێزگاکەی هەرێم، دەتوانن ڕێگری بکەن لەپلانەکانی هەمواری دەستور، بەڵام تا ئێستا ڕوون نیە، ئەو لایەنانەی کار بۆ هەموارکردنەوەی دەستور دەکەن، چ پلانێکیان پێ یە بۆ لابردنی لەمپەرەکان.
دکتۆر مەحمود عوسمان وتی"ئەوان دەڵێن، مافی کورد زۆرە لەدەستوردا، ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتنی دەستوردا، بۆیە دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە، بەڵام نازانم پێیان دەکرێت یاخود نە."
هەوڵی لایەنە عێراقیەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستور لەکاتێکدایە، کورد تەنها دڵی بەو دەستورە خۆشە و پێیوایە مافەکانی تێدا زامنکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەدوور نازانرێت، ناکۆکی نێوان هێزە کوردیەکان و پەرتەوازەییان، کاری ئەو هێزانە ئاسانتر بکات کە خواستی هەموارکردنەوەی دەستوریان هەیە.
Your browser doesn’t support HTML5