کەنەدا ئاهەنگی یەکەم ڕۆژی نیشتمانی خۆی بۆ پێکهێنانی متمانە و ئاشتەوایی دەگێڕێت

ڕۆژی نیشتمانی متمانە و ئاشتەوایی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە منداڵە ونبووەکان و ڕزگاربووانی خوێندنگەی تایبەتی نەیتیڤەکانی کەنادا بەرێوە دەچێت کە 140یانلە ساڵی 1831 تا 1998 لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا چالاک بوون.

150هەزار منداڵی نەیتیڤی کەنادا کاتی خۆی ناچار بوون بەشداری ئەو خوێندنگەیانە بکەن کە لە لایەن کڵێساکانەوە بەڕێوەدەبران و زۆر جار ئەو منداڵانە لەو خوێندنگەیانەدا ڕووبەڕووی ئازاری جەستەیی و سێکسی و بەدخۆراکی دەبوونەوە و دەوترێت زیاتر لە 4000 کەس لەو شوێنانە گیانیان لەدەستداوە.
جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیران شەوی چوارشەمە لە میانەی مەراسیمێکیدا نزیک لە پەرلەمانی ئۆتاوا ستایشی بوێری ڕزگاربووان کرد و یادی ئەو کەسانەشی کردەوە کە هەرگیز نەگەڕاونەتەوە ناو بۆ خێزانەکانیان.