وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند بۆ هەماهەنگی كردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەوامی ناوەندەكانی خوێندنی حكومی لە 6ی مانگ ڕادەگیریت و لە 12ی مانگ دەستپێدەكاتەوە.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند ”ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە بۆ هەماهەنگی كردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقی فیدراڵ بڕیارماندابوو كە هەماهەنگیەكی تەواویان بكەین بۆ ئەو مەبەستەش پێشبینی ئەوەمان دەكرد سێ ڕۆژیان پێویست بێت كە ئێمە ناوەندەكانی خوێندنیان پێ بسپێرین بەڵام وا دیارە كۆمسیۆنی باڵا داوای كاتێكی زیاتر دەكات ئەمرۆش فەرمانێكی وەزارەتی لەوبارەیەوە دەردەچێت كە لە ڕۆژی 6ی مانگ سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی حكومی پشوویان دەبێت تا ڕۆژی 11ی مانگ، و لە ڕۆژی 12ی 10 دەوام لە ناوەندەكانی خوێندنی حكومی دەست پێدەكاتەوە، واتا لە 6ی مانگ ڕادەگیریت و 12ی مانگ دەستپێدەكاتەوە."
مامۆستا هونەر باڵەكی بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت" پێویست ناكات بۆ ماوەی شەش ڕۆژ سەرجەم قوتابخانەكان دابخەی بەهۆكاری ئەوەی كە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەی لە وڵاتە پێشكەوتووەكان بۆ ماوەی یەك ڕۆژ هەموو ئەنجامەكان دەردەكەوێت و هیچ كێشەش بۆ پەروەردە و خوێندن و هیچ دامودەزگایەكی تر دروست ناكات، ئەو قوتابیانەی كە تازە كەوتوونەتەوە سەر خوێندنێكی تەواو دووبارە ساردبوونەوەیەك دروست دەكاتەوە ئەمە پاش ئەوەی كە كۆرۆنا هات و زۆربەی قوتابخانەكان داخران، بۆیە ئەوپەڕی دوو ڕۆژ پێویستە كە دەرگای قوتابخانەكان دابخرێت بەڵام پاش ئەوە پێویست ناكات كە دابخرێت".
لە لایەكی ترەوە هەر سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن، سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" ساڵی ڕابردوو بەهۆی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەوام بۆ چەندین ماوە ڕاگیرابوو و پرۆگرامەكانی خوێندن كەمكرایەوە بەشێك لەو مادانەی كە گرنگ بوون بخوێندرێن و پێرانەگەیشتین بەهۆی ڕاگرتنی دەوامەوە ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا كە سێ هەفتەی یەكەمی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن قەرەبو بكرێنەوە بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرامەكان ئەو بابەتە گرنگانەی بۆ هەر قۆناغێك دەستنیشانكرد، ئەو قەرەبوكردنەش هەموو قۆناغێك ناگرێتەوە بۆ نموونە ئەوەی ئەمساڵ هاتووەتە پۆلی یەكەم پێویستی بەقەرەبو نییە چونكە یەكەم ساڵیەتی بەڵام پۆلی دوو و سێ و چوار و هەروەها هەندێك لەو قۆناغانە ئەمانە سێ هەفتەی یەكەم كتێبی پرۆگرامەكانی ساڵی ڕابردووی خۆیان وەردەگرنەوە و مامۆستاكان ئەو وانانەیان پێ دەڵێن، پاش ئەو سێ هەفتەیە كە تەواو دەبێت كتێبی ئەم قۆناغە نوێیەی كە ئێستای تێدایە دابەش دەكرێن واتا ئەم سێ هەفتەیەی یەكەم تەنها بۆ قەرەبوكردنەوەی ساڵی ڕابردووە".
Your browser doesn’t support HTML5