لایەنگران و گەورە کەسایەتییەکانی تاڵیبان یەکەم گردبوونەوەی خۆیان کردووە لە دەرەوەی شاری کابوڵ، پایتەختی ئەفغانستان.
ئەم گردبوونەوەیەی ئەمڕۆ یەکشەممە وەک نیشاندانێکی هێزی تاڵیبان بووە لە کاتێکدا هەروادێ و فەرمانڕەوایەتی خۆی لە ئەفغانستاندا جێگیر دەکات.
هێشتا هیچ حکومەتێکی بیانی دانینەناوە بە فەرمانڕەوایەتی ئەم ڕێکخراوە ئیسلامییە توندڕەوەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە 7 هەفتەیە تاڵیبان فەرمانڕەوای ئەفغانستانە، بەرەنگاری و سەختییەکی ئەوتۆ ڕووبەڕووی تاڵیبان نەبۆتەوە.
ئەو خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕینانەی بەرامبەر تاڵیبان دەکران و زۆربەشیان ژنانی وڵاتەکە ڕێبەرایەتییان دەکرد، بەرەو کەمبوونەوە چووە پاش ئەوەی تاڵیبان بە فرمانێک تەواوی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتی قەدەغەکرد.
لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا لە شارۆچکەیەکی دەرەوەی کابوڵدا نزیکەی 1500 کوڕ و پیاو بەشداربوون.
خەلیل هەقانی، وەزیری نوێی کاروباری پەنابەران لە حکومەتەکەی تاڵیباندا دەڵێت "ئەمە ئەو ڕۆژەیە چاوەڕوانمان دەکرد."
ئەمەریکا لە ساڵی 2011وە خەلیل هەقانی بە تێرۆریست ناساندووە و پاداشتی 5 ملیۆن دۆلاریشی داناوە بۆ دەستگیرکردنی یان لەناوبردنی. خەلیل یەکێکە لە ڕێبەرە باڵاکانی تۆڕی میلیشیایی هەقانی کە جەلالەدینی برای دایمەزراند.
هەقانی دەڵێت "ئامانجی خۆمانمان پێکا و ئەوەی پێویستە پاراستنیەتی و وڵاتەکەشمان ئایندەیەکی گەشی هەیە و ئامۆژگاریشم بۆ جیهان ئەوەیە کە ئەفغانستان بۆ ئەفغانییەکان جێبهێڵن."
ئەمەریکا و ئەوروپا و زلهێزەکانی تریش، یارمەتیدەر و پشتیوانکاری حکومەتی ڕووخاوی ئەفغانستان بوون و ئێستاش ئاگاهیدەدەن و دەڵێن داننانێن بە حکومەتی تاڵیباندا کە بە گشتی توندڕەوان پێکیانهێناوە و ژن تیایدا بەشدار نییە و دەشڵێن هەر ئەمەش هەڵوێستیان دەبێت تا ئەو کاتەی دەبێتە حکومەتێکی بنکە فراوان.