بەلانیکەم 2 کەس کوژراون لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەی لە دەرەوەی مزگەوتێکدا ڕوویداوە لە شاری کابوڵ پایتەختی ئەفغانستان.
زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "تەقینەوەکە لە دەروازەی مزگەوتی گەورەی ئیدگاه لە کابوڵ ڕوویداوە و ژمارەیەک خەڵکیی سڤیلیش کوژراون."
قاری سەعید خۆستی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی تاڵیبان دەڵێت "بەپێی زانیارییە بەراییەکان، دوو کەس کوژراون و سێ کەسیش بریندارن لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا."
لەو مزگەوتەدا مەڕاسیمی پرسەی دایکی زەبیحوڵا موجاهید بەڕێوە دەچوو.
موجاهید، ڕۆژی شەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیبووی "پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، مەڕاسیمی نوێژ و نزا لە مزگەوتی ئیدگاه بەڕێوە دەچێت بۆ دایکی و هەموو کەس و دۆست و هاوڕێیان بانگهێشت کراون بۆ ئەو مەڕاسیمە."
گەواهدەران لە شوێنی ڕووداوەکەوە دەڵێن دوای تەقینەوەکە، دەنگی تەقەشیان بیستووە.
بەر لەو تەقینەوەیە، تاڵیبان ئەو شەقامە سەرەکییەی گرتبوو کە دەچێتەوە سەر مزگەوتەکە.
دوای تەقینەوەکەش، ئامبۆلانسەکان دەبینران بە خێرایی بریندارەکانیان دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە کابوڵ کە دەکەوێتە ناوچەی شەهری نوێ.
ئەم تەقینەوەیەی ئەمڕۆ یەکشەممە هاوکات بووە لەگەڵ گردبوونەووەی تاڵیباندا وەک دەڵێت بە بۆنەی "سەرکەوتنەوە" لە کاتێکدا سەرکەوتنی تاڵیبان نەیتوانیوە ببێتە مایەی کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان پاش 20 ساڵی قەیران و شەڕی خوێناوی لە ئەفغانستان.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەم تەقینەوەیە ڕانەگەیاندووە.