کاربەدەستانی لیبیا داوای چوونەدەرەوەی زیاتری چەکدارە بیانییەکان دەکەن

نەجلاء ئەلمەنقوش، وەزیری دەرەوەی لیبیا

وەزیری دەرەوەی لیبیا ڕایدەگەیەنێت "سەرەتایەکی بچوکی" کشانەوەی چەکدارە بیانییەکان لە وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەکەیدا دەستیپێکردووە.

لیبیای دەوڵەمەند بە نەوت لە هەوڵی هەڵسانەوەدایە لەو قەیرانەی لە ساڵی 2011ەوە تێیکەوتووە پاش ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی موعەمەر ئەلقەزافی. لەو کاتەشەوە توندوتیژییەکی خوێناوی لە لیبیادا هەیە و دەستی چەکدارە بیانییەکان و ڕێکخراوە جیهادییەکانیشی تیادایە.

نەتەوە یەکگرتووەکان وەهای مەزەندە دەکات 20 هەزار چەکداری بیانی لە لیبیادا هەبن، لەوانە چەکدارەکانی کۆمپانیای واگنەری ڕوسیایی، چەکدارەکانی چاد و سودان و هەروەهاش سوریاییەکان.

نەجلاء ئەلمەنقوش، وەزیری دەرەوەی لیبیا، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە شاری کوێت و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چەکدارە بیانییەکان دەڵێت "هەواڵەکە ڕاستە و سەرەتایەکی بچوک دەستیپێکردووە بۆ چوونە دەرەوەی چەکدارە بیانییەکان لە لیبیا. دەسەڵاتدارانی لیبیا چاوەڕوانی چوونەدەرەوەی ژمارەی زیاتری ئەو چەکدارانەن و هەروەهاش جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژیەتی چوونە دەرەوەی زیاتری ئەو چەکدارانەن."

ئەلمەنقوش دەڵێت "ئەمەش یەکێک دەبێت لەو هەوڵانەی لیبیا دەیدات هاوکاتی ئەو کۆنفرانسەی کۆتایی ئەم مانگە بڕیارە بکرێت بۆ سەقامگیری لە وڵاتەکەدا."

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، وەزیری دەرەوەی لیبیا هیچ ئاماژەیەکی نەکرد بە ژمارەی ئەو چەکدارە بیانیانەی تا ئێستا لە لیبیا چوونەتە دەرێ.

نەتەوە یەکگرتووەکان و لیبیا و ژمارەیەک وڵاتی تریش بەردەوام داوای چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان دەکەن لەو وڵاتەی باکوری ئافریکا.