ژنێک و دوو منداڵ دەکوژرێن لە ئاکامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر شاری مەئرب لە یەمەن و بەلانیکەم 30 کەسیش بریندارن.
سەرچاوە لەشکرییەکانی وڵاتی یەمەن، ئەو هێرشانەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەستۆی سەرهەڵداوای حوسی دەنێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان دەکات.
سەرچاوەیەکی لەشکریی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "دوو موشەکی حوسییەکان داویانە بە گەڕێکی دانیشتوانی شارەکەدا و 6 ژن و 5 منداڵیش لەنێو بریندارەکاندان."
کاربەدەستانی تەندروستی لە شارئ مەئرب، ژمارەی قوربانییەکانیان پشتڕاست کردۆتەوە.
سەدان سەرهەڵداوی حوسی و سەربازی سەر بە حکومەتی یەمەن لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا کوژراون پاش ئەوەی میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ئێران، هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر شاری مەئرب دەستپێکردەوە.
شاری مەئرب، دوا پێگەی حکومەتی یەمەنە لە باکوری وڵاتەکەدا و ناوچەیەکیشە دەوڵەمەندە بە نەوت.
یەکێک لە موشەکەکان بەر ماڵی ژەنەراڵ سەغیر بن عەزیز کەوتووە. ژەنەراڵ بن عەزیز، سەرکردەی ستونە لەشکرییەکانی یەمەنە و موشەکی دووهەمیش بەر ژمارەیەک ماڵی دانیشتوانی سیڤیلی شارەکە کەوتووە.
ژەنەراڵ بن عەزیز، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک نوسیویە "بە ئامانج گرتنی ژنان و منداڵان، کارێکی ترسنۆکانەیە."
دەیان هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان خەڵکیش ئاوارە بوون لەوەتای ساڵی 2014وە کە حوسییەکان دەستیانگرت بەسەر شاری سەنعا پایتەختی یەمەندا.
نزیکەی لە سەدا هەشتای دانیشتوانە 30 ملیۆنییەکەی یەمەن، پشتیان بەو کۆمەک و یارمەتیانە بەستووە کە پێیان دەگات.
نەتەوە یەکگرتووەکان قەیرانی یەمەن بە بەدترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا ناودێر دەکات.