ئۆن سان سوچی داوا دەکات 2 هەفتە جارێک ئامادەی دادگا بێت

ڕەوشی تەندروستی ئۆن سان سوچی، ڕێبەری لە کار خراوی میانمار بەرەو خراپی دەڕوات بەهۆی زۆریی ئامادەبوونەکانیەوە لەبەردەم دادگای ئەنجومەنی لەشکریی وڵاتەکەدا، وەک پارێزەرەکەی ڕایگەیاندووە.

لە مانگی 6دا سان سوچی درا بە دادگا، چوار مانگ پاش دەستگیرکردنی دوای ئەو کودەتایەی وڵاتەکەی خستە ناو گێژاو و گێرەشێوێنییەوە.

ئۆن سان سوچی، تەمەن 76 ساڵ ڕووبەڕووی ژمارەیەک تاوان کراوەتەوە، لە هاندانی دووبەرەکییەوە تا هاوردەکردنی نایاساییانەی ئامێرەکانی هۆکی تۆکی، کە لەوانەیە لەسەر ئەو تاوانانە بۆ دەیان ساڵ زیندانی بکرێت.

سان سوچی، داوای کردووە دانیشتنەکانی دادگا هەر دوو هەفتە جارێک بکرێت وەک لەوەی هەفتانە بێت.

خین ماونگ زاو، پارێزەرەکەی سان سوچی، دوای دواترین ئامادەبوونی لە دادگا دەڵێت "ئەم داوایەش لەسەر بنچینەی ڕەوشی تەندروستی کراوە."

پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا، ئۆن سان سوچی، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بە گەندەڵیش گوناهبار کرا، ئیتر دەبێت لە ڕۆژانی هەفتەدا لە هۆڵی ئەو دادگایەدا ئامادەبێت کە لەشکر پێکیهێناوە.

خین ماونگ زاو دەڵێت ئەم دادگاییکردنە "هەستی پشێوی و نائارامی لای سان سوچی دروستکردووە" و دەشڵێت دادوەر لە هەفتەی ئایندەدا بڕیار لەسەر داواکەی سان سوچی دەدات.

هەشت مانگ دوای ئەو کودەتا لەشکرییەی میانمار، شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە سەربازییەکانی ئەنجومەنی لەشکری و جودابیرانی دژە کودەتا زیادیان کردووە و هەروادێ و هێرشە خوێناویەکان و کاری تۆڵەکردنەوەش زیاتر دەبن.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش شکستیان هێناوە لە چارەسەرکردنی قەیرانی میانماردا کە بە پێشەنگیی ئەنجومەنی وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بوو.

لەوەتای سەرەتای مانگی 2ی ڕابردووەوە کە کودەتا لەشکرییەکە کرا لە میانمار، زیاتر لە 1100 کەس بە دەستی هێزە ئاسایشییەکان کوژراون، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی خۆجێیی چاودێری.