باقر نەمازی مەترسی مردنی لەسەرە و ئێران ڕیگەنادات لە وڵاتەکە ببرێتە دەرەوە

زیندانی ئەڤین لە تاران

ڕێگە گیراوە لە هاوڵاتییەکی ئەمەریکایی لەوەی ئێران جێبهێڵێت و بەمەش مەترسی مردن لەسەر ژیانیەتی ئەگەر بێتوو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نەشتەرگەری بۆ نەکرێت، وەک پارێزەرەکانی ڕایانگەیاندووە و داواش دەکەن ڕێگەی پێبدرێت ئێران جێبهێڵێت.

لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا دادگایەکی ئێران سزاکەی سەر باقر نەمازی سوک کرد، بەڵام پارێزەرەکانی دەڵێن دەسەڵاتدارانی ئێرانی ئەوەیان ڕەتکردەوە پاسپۆرتی ئێرانی بدەنێ کە پێویستییەتی بۆ چوونەدەرەوە لە وڵاتەکە، چونکە ئێران داننانێت بە مافی دوو ڕەگەزنامەییدا.

نەمازی، کە کاربەدەستێکی پێشووی "یونیسێف" بووە، لە زیندان هێڵراوەتەوە و وەک پارێزەرەکانیشی دەڵێن لە سەدا نەوەد و پێنج بۆ لە سەدا نەوەد و حەوتی یەکێک لە خوێنبەرە سەرەکییەکانی گیراوە کە خوێن دەگەیەنێتە مێشک.

لە نوسراوێکدا بۆ ڕاپۆرتنوسی تایبەتی یو ئێن لەسەر مافی تەندروستی، پارێزەرەکانی دەڵێن "ڕەوشی تەندروستی باقر نەمازی کە تەمەنی نزیکەی 85 ساڵە، زۆر خراپە و پێویستی بە کاری بە پەلە هەیە."

هەر لەو نوسراوەدا، پارێزەرەکان نوسیویانە؛ بەرەنجامی پشکنینە تەندروستییەکانی پزیشکەکان، ڕۆژی 28ی مانگی 9 بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت نەمازی پێویستی بە نەشتەرگەرییە لە ماوەی 7 بۆ 10 ڕۆژدا تا ئەو خوێنبەرە بتوانێت خوێن بگەیەنێتە مێشکی.

دەتوانرێت لە ئێران ئەو نەشتەرگەرییە بۆ نەمازی بکرێت بەڵام پارێزەرەکانی دەڵێن ڕەوش و ژینگەکە قورسن، پاش 4 ساڵ مانەوە لە زیندان و هەروەها لەبەر مەترسییەکی زۆری پەتای کۆرۆناش.

باقر نەمازی لە مانگی 2ی ساڵی 2016دا دەستگیردەکرێت کاتێک سەردانی تاران دەکات بە مەبەستی یارمەتیدانی سیامەک نەمازی، کوڕی.

سیامەک، کاردار بووە و دەستگیرکرابوو و بڕیاری 10 ساڵ زیندانیکردنی لەسەر دراوە بە تاوانی وەک دەگوترێت "هاوکاریکردنی حکومەتێکی دوژمن."

ڕەوشی هاوڵاتیانی ئەمەریکایی، بەردەوام خاڵی ناکۆکی نێوان واشنتۆن و تارانە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدن، هاوکاتی تاووتوێکردنی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015،داوای ئازادکردنی هەموو ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکاییانەی کردووە کە لە ئێران دەستگیرکراون.